سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێک لە دژی داعش لە باکووری بەغدا دەست پێدەکات
سوپا و هێزە عێراقییەکان دەست بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ناوچەکانی باکووری بەغدای پایتەختی وڵاتەکەی، دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 22-6-2020، عەمید یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژ بە ناوی فەرماندەی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاندووە، کە ئۆپەراسیۆنەکە قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی (پاڵەوانانی عێراق)ـە.
عەمید یەحیا رەسوڵ هەروەها رایگەیاندووە، لەو ئۆپەراسیۆنەدا، ناوچەکانی سنووری پارێزگای سەڵاحەدین و ناوچەکانی نێوان دیالە، کەرکووک و سامەڕا، دەپشکندرێن، کە ئەو ناوچە و پارێزگایانە کەوتوونەتە باکووری بەغدا.
ئەو فەرماندە عێراقییە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەدین، سامەڕا و دیالە و فیرقەی زرێپۆشی نۆیەم و لیوای هێزە تایبەتەکان بە هاوبەشی لەگەڵ پۆلیسی فیدراڵی، هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا و چەند یەکەیەکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی کەرکووک و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، بەشداریی ئەو ئۆپەراسیۆنەی ئەمڕۆ دەکەن.
گەڕان بە دوای چەکدارانی داعش لەو ناوچە بەرفراوانەی باکووری بەغدا لەکاتێک دایە، کە حەیدەر عەبادیی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق (2014-2018)، لە رۆژی 10-12-2017 سەرکەوتنی هێزەکانی وڵاتەکەی بەسەر داعش و نەمانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییەی لەسەر خاکی وڵاتەکەی، راگەیاند.
باسنیوز