ئەڵمانیا تیرۆریستێكی عێراق رادەستی فەرەنسا دەكاتەوە
پەنابەرە عێراقیەك ساڵی 2018 لەلایەن دادگایەكی فەرەنساوە بە ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی لە عێراق تۆمەتبار كرا و خرایە زیندانەوە، بەڵام دوای دوو ساڵ و ئازادكردنی بە مەرج، رایكردووەتە ئەڵمانیا.
ئەمڕۆ یەكشەممە ئاژانسەكانی هەواڵی فەرەنسا بڵاویان كردەوە كە ئەحمەد حەمدان عەیاش هاوینی 2016 وەكو پەنابەر گەیشتووەتە فەرەنسا، لە 2017دا مافی پەنابەریەتی وەرگرتووە، لە 2018شدا لە باكووری رۆژئاوای فەرەنسا دەستگیر كرا و تۆمەتی ئەنجامدانی كاری تیرۆریستی و تاوانی جەنگی درایە پاڵ كە لە عێراق ئەنجامی دابوو، بەم هۆیەوە خرابووە زیندانەوە.
دواتر لە مانگی رابردوودا لە زیندان هێندرایە دەرەوە و خرایە ژێر چاودێری دادوەری، بەڵام ئەو دەمودەست بەرەو ئەڵمانیا رایكردبوو، دوای چەند رۆژێك لە هەرێمی باڤاریا لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانیەوە دەستگیر كرایەوە و بڕیارە بە زووترین كات رەوانەی فەرەنسا بكرێتەوە.
بەرپرسێكی پۆلیسی عێراقیش رایگەیاندووە كە عەیاش تیرۆریستێكی گەورەی داعشە و ساڵی 2014 بەشداری لە كوشتنی 1700 سەرباز و پۆلیسی عێراقدا كردووە، بۆیە داوایان لە فەرەنسا كردووە رادەستی بەغدای بكاتەوە.
باسنيوز