پزیشکان دوایین ساتەکانی ژیانی ئەحمەد رازی ئاشکرا دەکەن

پزیشکان دوایین ساتەکانی ژیانی ئەحمەد رازی ئاشکرا دەکەن
بەڕێوەبەری ئەو نەخۆشخانەیەی ئەحمەد رازی، یاریزانی دێرینی عێراقی تێیدا کۆچی دوایی کرد، دوایین ساتەکانی ژیانی ئەو یاریزانە ئاشکرا دەکات.

ئەحمەد رازی، ئەستێرەی تۆپی پێی عێراقی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 21-6-2020، بەهۆی تووشبوونی بە پەتای کۆرۆنا، گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، سەڵاح عزی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نوعمان لە بەغدای پایتەختی ئەو وڵاتە، رایگەیاندووە، بارودۆخی تەندروستیی ئەحمەد رازی باش بووە.

سەڵاح عزی هەروەها رایگەیاندووە، کاتژمێر 7:15 خولەکی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ئەحمەد رازی بەخۆی ئامێری هەناسەدانی دەستکردی لەسەر خۆی لاداوە و چووەتە دەستشۆر، بەڵام دواتر باروۆخی تەندروستی تێکچووە و کاتژمێر 7:45 خولەک گیانی لەدەست دا.

پزیشکانی نەخۆشخانەی نوعمان ئێوارەی رۆژی رابردوو چوونەتە لای ئەحمەد رازی و گرتەیەکی ڤیدیۆیی قسەکانی نێوان رازی و پزیشکەکان، لە گۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە.

لە گرتەکەدا، ئەحمەد رازی سوپاسی خوای گەورە دەکات و رایدەگەیەنێت، کە بارودۆخی باشتر بووە و توانیویەتی بخەوێت، تەنیا هەست بە هەناسەتەنگی دەکات و ئەمەش ئاساییە.











باسنيوز




Top