داوای دەرهێنانی تەرمی 10 هەزار هاووڵاتیی مووسڵ لە بیرێك دەكرێت
نایف شەمەری پەرلەمانتار و ئەندامی لیژنەی ئاسایش بە پێویستی زانی حكوومەت كۆتایی بە دۆسیەی بیری خەسفە بهێنێت، چونكە تا ئێستا كەسوكاری ئەو هاووڵاتییانەی مووسڵ كە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە فڕێدراونەتە بیری خەسفەوە، چاویان لە دۆزینەوەی تەرمی رۆڵەكانیانە.
شەمەری دەڵێ كاتی ئەوە هاتووە حكوومەت سنوورێك بۆ ئازارەكانی كەسوكاری ئەو هاووڵاتییانەی مووسڵ دابنێت، چونكە تا دۆزینەوەی تەرمەكانیان، دڵیان ئاو ناخواتەوە.
بیری خەسفە كەوتووەتە 20 كیلۆمەتری باشووری مووسڵ و لە نزیك گوندی عەزبەیە، بە یەكێك لە ترسناكترین ئەو شوێنانە دادەندرێ كە داعش بۆ كوشتنی قوربانییەكانی یان بۆ شاردنەوەی تەرمەكان بەكاری دەهێنا.
باسنيوز