وەزیرێكی حكوومەتی تازەی عێراق تووشی پەتای كۆرۆنا بوو
سەرچاوەیەكی پزیشكی تووشبوونی یەكەمین وەزیری كابینەی تازەی حكوومەتی عێراقی بە پەتای كۆرۆنا راگەیاند.
میدیاكانی عێراق لە زاری سەرچاوەیەكی پزیشكییەوە بڵاویان كردەوە، تاقیگەكانی پزیكشی لە بەغدای پایتەختی عێراق جەختیان لە تووشبوونی ناسر بەندەر، وەزیری گواستنەوەی عێراق و خێزانەكەی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا كردۆتەوە.
ناسر بەندەر یەكەمین وەزیری كابینەی تازەی حكوومەتی عێراقە كە بە سەرۆكایەتیی مستەفا كازمی پێكهێندراوە، تووشی پەتای كۆرۆنا ببێت.
تەنیا دوێنێ سێشەممە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٠، عێراق هەزار و ٣٨٥ حاڵەتی تووشبوونی نوێی پەتای كۆرۆنای تێدا تۆمار كراوە و ٦٠ كەسیش لە ماوەی ٢٤ كاتژمێردا گیانیان لەدەست داوە.
لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا بە شێوەی بەردەوام ژمارەی تووشبوانی پەتای كۆرۆنا لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقیش زیادیان كردووە. تاوەكوو دوێنێ سێشەممە وەزارەتی تەندروستیی عێراق ٧١٢ حاڵەتی مردن و ٢٢ هەزار و ٧٠٠ حاڵەتی تووشبوونی بە پەتاكەی راگەیاندووە كە لەنێو تووشبواندا نۆ هەزار و ٨٦٢ كەس چاكبوونەتەوە.
باسنيوز