مردوانی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەیەكی بەغدا بەهۆی لەكاركەوتنی ساردكەرەوە لەبەر ڕۆژ دانراون
بەپێی تۆمارێكی ڤیدیۆیی كە لە میدیاكانی عێراق و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاو كراوەوە، تەرمی ژمارەیەك لەوانە لەبەر ڕۆژ دانراوە كە پاش تووشبوونیان بە پەتای كۆرۆنا، لە نەخۆشخانەی كەنەدی لە بەغدا چاودێری كراون.
دانانی تەرمەكان لەبەر ڕۆژ بەهۆی ئەوەیە كە یەكێك لە ساردكەرەوەكانی تایبەت بە مردوانی كۆرۆنا لەكار كەوتووە، ئەو ساردكەرەوانەشی كە هێشتا كار دەكەن، بەهۆی ئەوەی پڕ لە تەرم بوون، جێگەی تەرمی زیاتریان نەبووەتەوە.
ئەو تۆمارە ڤیدیۆییە لە لایەن یەكێك لە كەسوكاری قوربانییەكان تۆمار كراوە كە بە گریانەوە باسی كۆچی دوایی كەسێكی نزیكی دەكات و گازاندە لەوە دەكات كە لە رۆژێك پێشترەوە، تەرمەكان لەبەر رۆژ دانراون.
دوێنێ دووشەممە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٠، وەزارەتی تەندروستیی عێراق ٤٥ حاڵەتی مردن و هەزار و ١٠٦ حاڵەتی تووشبوونی نوێی بە پەتای كۆرۆنا لە وڵاتەكە راگەیاند.
تا ئێستا بەپێی داتاكانی وەزارەتەكە، ٢١ هەزار و ٣١٥ تووشبووی پەتای كۆرۆنا لە عێراق تۆمار كراوە كە لەو ژمارەیە، نۆ هەزار و ٢٧١ كەس چاكبوونەتەوە و ٦٥٢ كەسیش گیانیان لەدەست داوە، ئێستاش ١١ هەزار و ٣٩٢ كەس لەژێر چاودێریی پزیشكیدان كە ١٥٠ تووشبوویان باری تەندروستییان ناجێگیرە و لەژێر چاودێریی چڕدان.
باسنيوز