كۆمكاری عەرەبی: ئەنكەرە چاوی لە داگیركردنی خاكی عێراقە

كۆمكاری عەرەبی: ئەنكەرە چاوی لە داگیركردنی خاكی عێراقە
ئەمڕۆ دووشەممە كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی لە بەیاننامەیەكدا هێرشی توركیای بۆ سەر ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان سەركۆنە كرد و رایگەیاند كە ئەنكەرە چاوی لە داگیركردنی خاكی عێراق و فرەوانكردنی هەژموونی خۆیەتی لە ناوچەكە، ئەمەش رەهەندێكی مێژوویی هەیە كە چیتر لە جیهانی نوێدا جێی نابێتەوە.

ئەحمەد ئەبولغێت ئەمینداری گشتیی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی هێرشە سەربازییەكەی ئەمڕۆی توركیای بۆ سەر سنووری هەرێمی كوردستان سەركۆنە كرد، كە بۆ راوەدوونانی هێزەكانی پەكەكە ئەنجام درا، دووپاتیشی كردەوە دەستێوەردانی سەربازیی توركیا لەناو خاكی عێراقدا، دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەریی خاكی عێراق.

كۆمكاری عەرەبی ئاماژەشی بەوە داوە كە ئەم هێرشە بە بێ هاوئاهەنگی لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا ئەنجام دراوە، ئەمەش پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتییە لەلایەن ئەنكەرەوە، هەروەها پێشێلكردنی پەیوەندییەكانیەتی بە وڵاتانی عەرەبی دراوسێی.

ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی هەروەها دەڵێ "دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق، سووریا و لیبیا بووەتە جێی نیگەرانی، لەلایەن تەواوی وڵاتانی عەرەبیەوە سەركۆنە دەكرێت". بە شێوەیەكی ناراستەوخۆش ئاماژەی بە خەونی توركیا بۆ گێڕانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی داوە و دەڵێ ئەم دەستدرێژییانە رەنگدانەوەی ئەو رەهەندە مێژووییە كۆنەیە كە توركیا چاوی لە فرەوانكردنی خاكەكەیەتی، ئەمەش شتێكە لە جیهانی سەردەمدا جێی نابێتەوە.












باسنيوز



Top