سوپای عێراق بەیاننامەیەک لەبارەی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە دەردەکات
لە درەنگانی شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 15-6-2020دا، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بنکە و بارەگاکانی پەکەکەیان لە قەندیل، مەخموور و شنگال بۆردومان کرد.
بەهۆی ئەوەی بەگوێرەی دەستووری عێراق، پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق دایە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای عێراق بەیاننامەیەکی دەرکردووە.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای عێراق وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەو هێرشانە، رایگەیاندووە، ئەو هێرشەی سوپای تورکیا، کە بە 18 فڕۆکەی جەنگی ئەنجام دراوە، دژی پرەنسیپەکانی دراوسێیەتی و بنەما نێودەوڵەتییەکانە.
هەر لە بەیاننامەکەدا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای عێراق هێرشە ئاسمانییەکەی سوپای تورکیا بە پێشێڵکردنی سەروەریی عێراق هەژمار دەکات و داوای دووبارە نەکردنەوەی دەکات.
باسنيوز