مسته‌فا كازمی و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی كۆده‌بێته‌وه‌

 مسته‌فا كازمی و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی كۆده‌بێته‌وه‌
مسته‌فا كازمی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی كۆبوه‌ و جه‌خت له‌سه‌ر نه‌هێشتنی زیاده‌ڕۆییه‌كانی سه‌ر زه‌وی و زار و موڵكی ده‌وڵه‌ت كرایه‌وه‌.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، مسته‌ف كازمی له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی كۆبوه‌ته‌وه‌، له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا باس له‌و زیاده‌ڕۆییه‌كانه‌ كراوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رپێچیكارانه‌وه‌ كراونه‌ته‌سه‌ر زه‌وی و زار و موڵكی ده‌وڵه‌ت، هاوكات باس له‌ گرفته‌كانی دروستكردنی یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبونی شاره‌كان و چاره‌سه‌ری خێراش كراوه‌ بۆ به‌رگرتن له‌زیاتر ئه‌نجامدانی زیاده‌ڕۆییه‌كان.

رێكاره‌كانی خۆپارێزی بۆ به‌رگرتن له‌بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا توند ده‌كرێنه‌وه‌

هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ رێوشوێنه‌كان و توندكردنه‌وه‌ی رێكاره‌كانی خۆپارێزی به‌مه‌به‌ستی به‌رگرتن له‌ زیاتر بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا كراوه‌، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ كازمی جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، پێویسته‌ هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ شێوازێك ڕۆڵی هه‌بێت له‌كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕوداوه‌كان له‌نێو باڵه‌خانه‌كان".

رێگه‌ نادرێت هیچ كه‌سێك پشێوی بنێته‌وه‌

هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا باس له‌ ئه‌ركه‌كانی حكومه‌تی عێراق به‌ئاراسته‌ی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌كان به‌ئاراسته‌ی تێكدانی ئاسایش وسه‌قامگیری كراوه‌ و جه‌ختیشكراوه‌ته‌وه‌، ده‌بێت پلانی گونجاو بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌یان دابنرێ، تا رێگه‌ نه‌درێت هیچ كه‌س و لایه‌نێك پشێوی بنێته‌وه‌.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌شدا هاتوه‌، كه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌تی سیاسی و چه‌واشه‌كاری یاخود لێدوان و ئاشكراكردنی زانیاری له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌ و سه‌ربازانه‌وه‌ رێگه‌پێدراو نیه‌ و چونكه‌ رۆڵی ده‌بێت له‌دروستكردنی دودڵێ و چه‌واشه‌كاری رایگشتی.





خەندان
Top