سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا: کازمی لێژنەیەکی بۆ بەدواداچوون بۆ گەندەڵییەکانی مووسڵ راسپارد
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە مووسڵ پشتڕاست دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، کازمی لێژنەیەکی بۆ بەدواداچوون بۆ پرسی گەندەڵییەکانی مووسڵ، راسپاردووە.
سەیدۆ چەتۆ، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، لە لێدوانێکدا بۆ (باسنیوز)، رایگەیاند، هەرچەندە هێشتا نازاندرێ رێکخراوی تیرۆریستی داعش یان لایەنە عێراقییەکان لە پشت هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی بووە، بەڵام ئەو پرسە ئەوە دەردەخات، کە ”مووسڵ پێویستیی بە ھاوکاریی ئەمنیی زیاتر ھەیە“.
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئاشکراشی کرد، کە لە سەردانەکەیدا بۆ مووسڵ، کازمی لێژنەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆ بەدواداچوون بۆ گەندەڵییەکانی ئەو شارە راسپاردووە.
رۆژی 10-6-2020، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە شەشەم ساڵوەگەڕی داگیرکردنی مووسڵ لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، سەردانی ئەو شارەی کرد.
باسنيوز