مالیکی: ژمارەیەک داواکاریمان بۆ لەسەر کارلابردنی حکومەتەکەی کازمی پێگەیشتوە
نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە کەناڵی فەرمی عێراقییەی راگەیاندوە، هەرچەندە دەوڵەتی یاسا بەشداری لە حکومەتی نوێ نەکردوە و دەنگیشی پێنەداوە، بەڵام دوای دەستبەکاربونی لە راگەیەنراوێکدا پشتیوانی خۆی بۆ حکومەت دەربڕی، هەڵوێستی ئەوان لەسەر پرسە گرنگ و چارەنوسازەکان کە پەیوەندییان بە سەروەری عێراقەوە هەیە بەو شێوازە بەردەوام دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، داوایان لە لایەنەکان و خۆپیشاندەران کردوە دەرفەت بە حکومەتەکەی مستەفا کازمی بدرێت، بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەک کاروباری وڵات رێکبخاتەوە و روانگەی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشە دارایی، تەندروستی و ئەمنییەکان جێبەجێ بکات، ئەوان بۆ دەربڕینی ناڕەزاییەکان لەگڵ بونی ئۆپۆزسیۆنی مەدەنیدان و ناخوازن جارێکی دیکە جەنگ و خوێنڕشتن بگەڕێتەوە.
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەبارەی پرسی دەستکاریکردنی موچەش وتی، "ئەگەر حکومەت دەخوازێت دەستکاری موچە بکات، باشتروایە لە پلە باڵاکانەوە دەستپێبکات و نابێت بڕینی موچەی کەسوکاری شەهیدا، زیندانیانی سیاسی و هەژاران بگرێتەوە، هەروەها کازمی رونیکردوەتەوە بڕینی موچە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە موچەکانیان زیاترە لە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار".
خەندان