فەرماندەیەک پێشبینیی پەشیمانبوونەوەی عێراق لە دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان دەکات
جەنەراڵ کینیت ماکینزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆڕێکی ڤیدیۆییدا، رایگەیاندووە، هێزەکانی ئەمریکا بۆ شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە عێراقن.
جەنەراڵ کینیت ماکینزی هەروەها رایگەیاندووە، هێزە ئەمریکییەکان پاڵپشتیی عێراقییەکان دەکەن بۆ شکستهێنان بە داعش و گەیشتن بە سەرکەوتنی تەواو.
ئەو فەرماندە ئەمریکییە پێشبینی کردووە لە میانی دانوستاندنەکانی ئەمریکا و عێراق بۆ رێککەوتنی ستراتیژی، عێراق داوای مانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لەسەر خاکی وڵاتەکەی، بکات.
ئەو پێشبینییەی ئەو فەرماندە ئەمریکییە لەکاتێک دایە، کە رۆژی 5-1-2020، پەرلەمانی عێراق بڕیارێکی دەرکرد و داوای لە حکوومەت کرد هێزە ئەمریکییەکان لە وڵاتەکەیان، دەربکات.
گفتوگۆکانی ئەمریکا و عێراق بە بەشداریی هەرێمی کوردستان، لەمڕۆ پێنجشەممە 11-6-2020 بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی ستراتیژی، دەستیان پێکردووە.
باسنيوز