مالیکی هاوپەیمانێتییەک لەدژی کازمی پێک دەهێنێت
دوای پێکهێنانی حکوومەت لەلایەن "مستەفا کازمی"یەوە ململانێیە ناوخۆییەکانی ناو ماڵی شیعەکان لە عێراق سەری هەڵداوەتەوە، نوری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا لە هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکە لەدژی مستەفا کازمی و حکوومەتەکەی، بەڵام لێکۆڵەرێکی سیاسی پێی وایە کازمی لەم ماوەیەدا دەسەڵاتەکانی مالیکی سنووردار کردووە.
كوتلەیەكی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بۆ پشتیوانیی مستەفا كازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەژێر ناوی كوتلەی (دژە مەزهەبی و نەتەوەیی) پێک هێندرا كە پێكهاتووە لە هاوپەیمانیی حیكمە و ئیرادە و كەفائە و زۆرینەی هاوپەیمانیی نەسریان لەگەڵدایە، کە ئامانجی سەرەکییان پشتیوانییە لە مستەفا كازمی و حکوومەتەکەی.
لە بەرامبەردا بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز) لەناو پەرلەمانی عێراقدا جووڵەی سیاسیی دیکە بە ئاراستەی دژایەتی ئەو هاوپەیمانێتییە دەستی پێ كردووە، كە نووری مالیكی سەركردایەتیی دەكات.
تاکوو ئێستاش هەریەک لە هاوپەیمانیی (فەتح و سائیروون و سادقوون) بە شێوەیەکی گشتی لە ململانێكانی كازمی و مالیكیدا بێلایەنن، کە خۆدانەپاڵ هەر یەکەیان، کاریگەری دەخاتە سەر هاوپەیمانێتییەکان.
لەمبارەوە، د. سەنگەر سەید قادر، لێکۆڵەری سیاسی، بە (باسنیوز) راگەیاند: "ئەو هاوپەیمانێتییە نوێیەی کە دژ بە حکوومەت پێک هاتووە، لەوە دەچێت بەرەی (فەتح)یش مەیلی چوونە پاڵی هەبێت، ئەگەر هەڵبژاردن نزیك ببێتەوە بە دوور نازانرێت سائیرونیش بچێتە بەرەی دژی حكوومەتەوە، چونکە لە هەڵبژاردنەکاندا ئەو هێزانە بەرپرسایەتیی حکوومی ناخەنە ئەستۆی خۆیان و دەنگ بەو شێوازە سیاسەتکردنە کۆ دەکەنەوە".
د.سەنگەر، گوتیشی: "ئەوەی ئایندەی حكوومەتی كازمی یەكلایی دەكاتەوە، توانای كازمییە لە ڕاگرتنی باڵانسی هێز لە نێوان ئەمریكا و عێراقدا، کە دانوستانەكانی ئەمریكا و عێراق لە١٠ی ئەم مانگە بۆ رێککەوتنێکی نوێ دەست پێ دەكات".
ئەو لێکۆڵەرە سیاسییە ئاماژەی بەوەش دا: "كازمی لە یەكەم مانگی حكوومەتداریدا توانیویەتی تاڕادەیەكی زۆر پشتیوانیی شەقام بەدەست بهێنێت و لەلایەکی دیکەشەوە دامەزراوەكانی دەوڵەت، بەتایبەتی سوپای ڕێك خستووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سنووری بۆ دەسەڵاتی مالیكی داناوە".
باسنیوز