پەرلەمانی عێراق تاوتوێی چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی دەکات
پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و تاوتوێی پێشنیاز و چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی دەکات.
بڕیارە کاتژمێر 1ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 6-6-2020، پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەی ژمارە 3ـی وەرزی یاسادانانی دووەم لە ساڵی یاسادانانی دووەمی خولی چوارەمی خۆی ساز بکات.
لەو کۆبوونەوەیەدا، چەند بابەتێک تاوتوێ دەکرێن، کە بریتین لە؛
- دەنگدان بە کاندیدی وەزارەتە بەتاڵەکانی حکوومەتی عێراق
- گفتوگۆکردن لە بارەی راپۆرتی لێژنەی قەیرانەکان لە پەرلەمان، کە تایبەتە بە پەتای کۆرۆنا
- گفتوگۆکردن لە بارەی راپۆرتی لێژنەی دارایی و پێشنیازەکانی لەبارەی قەیرانی دارایی
دوای سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، کە لە کۆتایی ساڵی رابردوو لە شاری وهان لە چین سەری هەڵدا و تا ئێستا نزیکەی حەوت ملیۆن کەس لە جیهان تووشی بوون، نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و گەیشتە کەمتر لە 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
بەهۆی ئەوەی داهاتی عێراق بەشێوەیەکی سەرەکی لە فرۆشتنی نەوت دابین دەکرێت و رێکارەکانی چارەسەرکردنی تووشبووانی پەتای کۆرۆناش خەرجییەکی زۆری دەوێ، عێراق تووشی قەیرانێکی سەختی دارایی بووەتەوە.
باسنیوز