مسته‌فا كازمی: ئه‌و كه‌سانه‌ی له ‌خۆپیشاندانه‌كان كوژران به‌ شه‌هید هه‌ژمار ده‌كرێن

 مسته‌فا كازمی: ئه‌و كه‌سانه‌ی له ‌خۆپیشاندانه‌كان كوژران به‌ شه‌هید هه‌ژمار ده‌كرێن
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌میانه‌ی پێشوازیكردنی له‌ خانه‌واده‌ی شه‌هیدانی خۆپیشاندانه‌كان رایگه‌یاند، خوێنی ئه‌و كه‌سانه‌ی له ماوه‌كانی رابردودا رژاوه‌ به‌فیڕۆ ناچێت وه‌ك شه‌هیدی نیشتمان هه‌ژمار ده‌كرێن.

به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، مسته‌فا كازمی پێشوازی له‌ ژماره‌یه‌ك خانه‌واده‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ كردوه‌ كه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كان کوژراون و نیگه‌رانی خۆی بۆ ده‌ربڕیوه‌ و جه‌ختیشی كردوه‌ته‌وه‌، "ئه‌وان له‌پێناو دۆخێكی خراپدا شه‌هیدبون و وه‌ك شه‌هیدی نیشتمان هه‌ژمار ده‌كرێن".

پێویستیان به‌ ئارامگرتن و لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد و پیشه‌ییانه‌ هه‌یه‌ بۆ چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری


هه‌ر له‌و دیداره‌دا مسته‌فا كازمی رایگه‌یاندوه‌، عێراق به‌دۆخێكی قورس تێپه‌ڕده‌بێت و ژماره‌یه‌ك به‌ربه‌ستی له‌سه‌رجه‌م ئاسته‌كان بۆ دروستبوه‌، به‌تایبه‌ت له‌ روی ئه‌منیه‌وه‌، كه‌ ده‌بینرێت حاڵه‌تی كوشتن و رفاندنی هاوڵاتیان هه‌یه‌، هاوكات چه‌ك له‌ده‌ست چه‌ند لایه‌نێكی ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌ فه‌رمیه‌كانه‌، بۆیه‌ پێویستیان به‌ ئارامگرتن و لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد و پیشه‌ییانه‌ هه‌یه‌ بۆ چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری.

لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی راسپاردوه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانی كوشتن و برینداركردنی خۆپیشانده‌ران بكه‌ن


سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ڵێنی به‌ خانه‌واده‌ی قوربانیان داوه‌، كه‌ خوێنی رۆڵه‌كانیان به‌فیڕۆناچێت و لەر‌ێگه‌ی یاساوه‌ مافه‌كانیان وه‌رده‌گرنه‌وه‌ و باسی له‌وه‌شكردوه‌، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی راسپاردوه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له ‌تاوانه‌كانی كوشتن و برینداركردنیخۆپیشانده‌ران بكه‌ن.

پێشتریش مسته‌فا كازمی بڕیاریدابو به‌ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆ ئاماده‌كردنی لیستێك له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌خۆپیشاندانەکانی سه‌ره‌تای مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردو تا سەرەتای ئەمساڵ زیانیان بەرکەوتوە، بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بو بكرێنه‌وه‌.





خەندان-
Top