عێراق دەرمانی چارەسەری کۆرۆنا لە رووسیا دەکرێت

عێراق دەرمانی چارەسەری کۆرۆنا لە رووسیا دەکرێت


عێراق دەبێتە یەکەم کڕیاری دەرمانی چارەسەرکردنی تووشبووانی پەتای کۆرۆنا و لە رووسیای دەکڕێت.

عەبدولڕەحمان حوسێنی، باڵوێزی عێراق لە رووسیا، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) رایگەیاندووە، داوای لە حکوومەتی رووسیا کردووە دەست بە دانوستاندن لەگەڵ عێراق بکات بۆ فرۆشتنی دەرمانی (ئەڤیفاڤیر) بە بەغدا.

عەبدولڕحمان حوسێنی هەروەها رایگەیاندووە، دەرمانی ئەڤیفاڤیر، کە دەرمانێکی یابانییە و زانایانی پزیشکیی رووسیا پەرەیان پێداوە، بە رێژەی %90ـی تووشبووانی کۆرۆنا چاک دەکاتەوە.

ئاژانسی (سپۆتنیک)ی رووسی بڵاوی کردووەتەوە، کە یەکەم بڕی ئەو دەرمانە لە رۆژی 11-6-2020 دەنێردرێتە نەخۆشخانەکانی رووسیا.

ئەو ئاژانسە ئاماژەی بەوە کردووە، عێراق دەبێتە یەکەم وڵاتی عەرەبی، کە داوای کڕینی دەرمانی ئەڤیفاڤیر دەکات.

رۆژی دووشەممە 1-6-2020، ڤلادیمێر چۆلانۆڤ، جێگری بەڕێوەبەری سەنتەری رووسی بۆ نەخۆشییەکانی سییەکان و نەخۆشییە درمییەکان، رایگەیاندبوو، دەرمانی ئەڤیفاڤیر لەسەر 330 تووشبووی کۆرۆنا تاقی کراوەتەوە.

تا ئێستا حەوت هەزار و 387 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان، تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، 235 کەس گیانیان لەدەست داوە.









باسنيوز
Top