باڵوێزی ئەمریکا خاڵەکانی رێککەوتنی واشنتن و بەغدا ئاشکرا دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە 31-5-2020، ماتیۆ تیلەر، باڵوێزی ئەمریکا لە بەغدا لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا رایگەیاندووە، تیمی دیپلۆماسیی وڵاتەکەی لە بەغدا و هەولێر گفتوگۆ لەبارەی هەموو لایەنەکانی رێککەوتنێکی ستراتیجی لەنێوان عێراق و ئەمریکا، دەکەن.
ماتیۆ تیلەر لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا، کە لە پەیجی باڵوێزخانە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کراوەتەوە، رایگەیاندووە، رێککەوتنی واشنتن و بەغدا، کە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی 6ـی 2020 بکرێت، تەنیا لە رووی هاوکاریی ئەمنی نابێ، بەڵکو هەموو لایەنە سیاسی، ئابووری، رۆشنبیری، پەروەردەیی و زانستییەکان دەگرێتەوە.
باڵوێزی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بەشی ئابووریی باڵوێزخانەکەی سەرنج دەخاتە سەر هێنانی بازرگان و وەبەرهێنەرانی ئەمریکا بۆ عێراق، بە مەبەستی هاوکاریکردنی ئەو وڵاتە لە پرسی سەربەخۆبوونی وزە.
ماتیۆ تیلەر هەروەها راگەیاندووە، نووسینگەی پەنابەرانی باڵوێزخانەکەی هاوکاریی ملیۆنان ئاوارەی عێراقی کردووە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
تیلەر جەختی لەوە کردووەتەوە، کە نەوەی داهاتووی عێراق سوود لە چالاکییە رۆشنبیرییەکانی ئەمریکا لە عێراق وەردەگرێت، کە بریتییە لە وەرگرتنیان لە زانکۆ ئەمریکییەکان.
باسنيوز