نەتەوە یەکگرتوەکان: گروپە چەکدارەکان لە دەستگیرکردن و کوشتنی خۆپیشاندەران تێوەگلاون
نوسینگەی مافەکانی مرۆڤی نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی) لە چوارەمین راپۆرتیدا 123 کەیسی رفاندنی کەسەکانی تۆمارکردوە، کە لە ماوەی نێوان یەکی تشرینی یەکەمی 2019 و 21ی ئاداری 2020 رویانداوە، 98 کەسیان ئازاد کراون و چارەنووسی 25 کەسیشیان تا ئێستا نادیارە.
هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان لەدەستپێکی مانگی تشرینی یەکەمی 2019 دا نەتەوە یەکگرتوەکان مردنی 490 چالاکوان و برینداربونی 7783 تریشی دوپات کردەوە
ئاماژەی بەوەشکردوە، هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان لەدەستپێکی مانگی تشرینی یەکەمی 2019 دا نەتەوە یەکگرتوەکان مردنی 490 چالاکوان و برینداربونی 7783 تریشی دوپات کردەوە، زۆرینەی خۆپێشاندەران گەنجانی بێکاربون و داوایان دەکرد ڕێز لە مافە ئابوری و کۆمەلایەتییەکانیان بگیرێت، خۆپێشاندانەکان بەردەوام بون تەنانەت تا دواى ئەوکاتەش کە پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە وڵاتدا بڵاوبوەوە.
بەردەوامی نەبونی لێپرسینەوە لەهەمبەر ئەم کردارانەدا کە لە ڕاپۆڕتەکانی تایبەت بە پێشێلکاری و خراپ مامەڵە کردندا هاتون هۆکارە بۆ بڵاوبونەوەی دیاردەی دەربازبون
لە راپۆڕتەکەدا هاتوە، "بەردەوامی نەبونی لێپرسینەوە لەهەمبەر ئەم کردارانەدا کە لە ڕاپۆڕتەکانی تایبەت بە پێشێلکاری و خراپ مامەڵە کردندا هاتون هۆکارە بۆ بڵاوبونەوەی دیاردەی دەربازبون لە سزاکان".
جینین هێنیس– پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند، "پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە لە راستیەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە زەرەر و زیانەکانی پەیوەست پێیان لە لایەن حکومەتی نوێوە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو دادپەروەری و لێپیچینەوە، پابەندبونی حکومەت بە فەراهەمکردنی چارەسەری پزیشکی بۆ خۆپێشاندەرە بەرکەوتوەکان و قەرەبوکردنەوەی خانەوادەی قوربانیان کارێکی هاندەرە".
کردەکانی رفاندن و بێسەروشوێن کردن لە نێو چەندین روداوی تر رویانداوە، کە پێشێلکاری و خەراپ مامەڵەى تری تێدا بوە، چالاکوان و خۆپێشاندەران تیایدا کرابونە ئامانج
راپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات، "کردەکانی رفاندن و بێسەروشوێن کردن لە نێو چەندین روداوی تر رویانداوە، کە پێشێلکاری و خەراپ مامەڵەى تری تێدا بوە، چالاکوان و خۆپێشاندەران تیایدا کرابونە ئامانج، وەک کردەکانی کوشتنی بە ئەنقەست و تەقەکردن و هێرش کردن بە چەقۆ و هەڕەشەکردن و تۆقاندن و بەکارهێنانی لە رادەبەدەری هێز لە شوێنی خۆپیشاندانەکان".
هیچ یەکێک لە رفێندراوەکان ئەوانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کرابوو، ناسنامەی ئەوانەی بەرپرس بون لە ڕفاندنیان نەدەزانی
لە راپۆرتەکەدا هاتوە، "هیچ یەکێک لە رفێندراوەکان ئەوانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کرابوو، ناسنامەی ئەوانەی بەرپرس بون لە ڕفاندنیان نەدەزانی، هەرچەندە زۆرێکیان وایان مەزەندە دەکرد کە میلیشیاکان لەم کارانە تێوەگڵاون، هەروەها بڕواشیان نەبو چ بەوەی هێزەکانی ئاسایشی عێراقی یانیش باندە ئاساییەکانی تاوانکردن راستەوخۆ بەرپرس بن".
ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان، مەزەندە ناکات کێ لە پشت کردەکانی رفاندنە و ئاماژەش بەوە دەکات، چەکدارانی رێکخراو لە ئاستێکی باڵا و ئەوانەی توانای گەیشتنیان بە سەرچاوەکان هەیە لەو کردارانە تێوەگڵاون.
ڕاپۆرتەکە چەند راسپاردەیەک ئاڕاستەی حکومەتی عێراق دەکات
یەکەم: هەوڵدانی دەستبەجێ بۆ جێبەجێیکردنی پابەندییەکان بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی، لە نێویشیاندا خستنە گەڕی گشت تواناکان بۆ دۆزینەوەی ئەو خۆپێشاندەر و چالاکوانانەی تا ئێستا بێسەروشوێنن.
دوەم: دەستبەجێ گرتنەبەری رێوشوێنی تایبەت بۆ پاراستنی خۆپێشاندەران و چالاکوانان لە ڕفاندن.
سێیەم: دەستبەجێ گرتنەبەری رێکارەکان بۆ لێکۆڵێنەوە لە کەیسەکانی رفاندن و بێسەرو شوێن کردن و ئەشکەنجەدان/ مامەڵەی خراپ و ناشایستە و دادگایی کردنی تاوانباران.
چوارەم: ناساندن و دەستنیشانکردنی ئەوەی بە لایەنی سێیەم ناو دەبرێت یان گروپە چەکدارەکان یان میلیشیا بەرپرسەکان لە کەیسەکانی رفاندن.
خەندان-