حەسەن کەعبی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: رێز لە تایبەتمەندیی ئەوروپییەکان دەگرین

حەسەن کەعبی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق:  رێز لە تایبەتمەندیی ئەوروپییەکان دەگرین


جێگرە شیعەکەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، رێز لە تایبەتمەندیی ئەوروپییەکان لە بابەتی هاوڕەگەزبازییەوە دەگرن.

ئەمڕۆ دووشەممە 18-5-2020، حەسەن کەعبی، جێگری محەمەد حلبوسیی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، بەرزکردنەوەی ئاڵای هاوڕەگەزبازان لە بەغدا ”پێشینەیەکی مەترسیدارە“.

حەسەن کەعبی پێیوایە بەهۆی بەرزکردنەوەی ئاڵای هاوڕەگەزبازان لەلایەن باڵوێزخانەکانی یەکێتیی ئەوروپاوە، بە تایبەت لە مانگی رەمەزان (مانگی رۆژووی مسوڵمانان)، پێشێلی پیرۆزیی دابونەریت و عورفەکانی عێراق کراوە.

ئەو جێگرەی حەلبوسی، کە بە مەزهەب شیعەیە، داوای لە باڵوێزخانەکانی یەکێتیی ئەوروپا کردووە بەشێوەی فەرمی داوای لێبووردن لە هەموو مسوڵمانانی جیهان و گەلی عێراق بکەن.

حەسەن کەعبی بە ئاماژەکردن بەوەی ئەوان رێز لە تایبەتمەندیی کۆمڵگەی یەکێتیی ئەوروپا دەگرێ، داوای لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق کردووە رۆڵی خۆی لە رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارە بگێڕێ.

رۆژی یەکشەممە 17-5-2020، باڵوێزخانەکانی کەنەدا، بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق بەبۆنەی رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی دژایەتیی هاوڕەگەزبازان، ئاڵای هاوڕەگەزبازانیان بەرزکردەوە.







باسنیوز
Top