بە هۆی ئاڵای هاوڕەگەزبازانەوە داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی پەرلەمانی عێراق دەكرێت
ئەمڕۆ باڵوێزخانەکانی کەنەدا، بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق بە بۆنەی رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی دژایەتیی هاوڕەگەزبازانەوە، ئاڵای هاوڕەگەزبازانیان لە بەغدا بەرز کردەوە، ئەمەش ناڕەزاییەكی بەرفرەوانی لایەنە عێراقییەكانی لێ كەوتەوە، بە تایبەتیش هێزە شیعییەكان.
لەمبارەیەشەوە حەسەن سالم پەرلەمانتاری کوتلەی سادیقون لە پەرلەمانی عێراق بەیاننامەیەکی بڵاو كردەوە و تیایدا رایگەیاند كە بەرزکردنەوەی ئاڵای هاوڕەگەزبازان کارێکی نائەخلاقییە و سووکایەتییە بە گەلانی موسڵمان و دابونەریتی عێراقی، ئەو باڵوێزخانانەی ئاڵای هاوڕەگەزبازانیان بەرز كردەوە لە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش مەترسیدارترن، چونکە دابونەریت و ئەخلاقی کۆمەڵگە تێکدەدەن.
ئەو پەرلەمانتارە بە پێویستیشی زانی حکوومەتی عێراق هەڵوێستێکی توندی هەبێ و ئەو باڵوێزخانانە دابخات.
لە لایەكی دیكەوە ئێوارەی ئەمڕۆ لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئایینی پەرلەمانی عێراق داوای كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرد، بۆ ئەوەی وەڵامی بەرزكردنەوەی ئاڵای هاوڕەگەزبازەكان بدەنەوە.
پەرلەمانتار حسێن یەساری سەرۆكی لیژنەی ئەوقاف رایگەیاندووە كە عێراق وڵاتی پێغەمبەرانە، لەم مانگی رەمەزانەدا هەنگاوێكی بێڕێزانەی بەرامبەر نراوە و هەموو سنوورەكانی نەریتە عەرەبی و ئیسلامییەكانیان پێشێل كردووە.
باسنيوز