كورتهێنانی بودجەی عێراق ئاشكرا دەبێت

كورتهێنانی بودجەی عێراق ئاشكرا دەبێت
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات كورتهێنانی بودجەی عێراق دەگاتە 69 تریلیۆن دینار

حنین قەدۆ، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا روونی كردەوەتەوە: "لە بودجەی 2020ی عێراقدا كورتهێنانی بودجە بە 69 تریلیۆن دینار دەخەمڵێندێت و رێژەی كورتهێنانی بودجەی عێراق بێوێنەیە".

ئەو پەرلەمانتارە داوا لە ئەنجوومەنی وەزیران دەكات كار بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی ئابووریی كورتهێنانی بودجە بکات و دەشڵێت: "ئەو بودجەی ئامادە دەكرێت بۆ 6 مانگ دەبێت، تەنها بۆ مووچەی مووچەخۆران و چاودێریی كۆمەڵایەتی و بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان دەبێت".

حنین قەدۆ، ئاماژە بەوەش دەكات ئەگەر نرخی نەوت زیاتر لەوەی ئێستا هەیە داببەزێت، ئەوە كورتهێنانی بودجە "دەگاتە 75 تریلیۆن دینار".

پێشووتر د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندبوو: "ئێستا كار بۆ ئامادەكردنی بودجەی 2020 دەكرێت و حكوومەتی تازەی عێراق بە سەرۆكایەتیی مستەفا كازمی پەلەیەتی بۆ ئامادەكردنی بودجە و ناردنی بۆ پەرلەمان، چونكە ئەگەر بودجە نەبێت، ناتوانێت كار بكات".

د. ئەحمەد سەفار، پێشبینی دەكات: "لەوانەیە لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا رەشنووسی بودجەی 2020 بنێردرێتە پەرلەمانی عێراق، چونكە ئەو بودجەیە بودجەیەكی تایبەت و خێرایە و بۆ ماوەی شەش مانگە".











باسنیوز


Top