کاتی دابەشکردنی هاوکاریی دارایی تایبەت بە ماوەی قەدەغەکردنی هاتوچۆ دیاری کرا
کاتی دابەشکردنی هاوکاریی حکوومەتی عێراق بەسەر هاووڵاتییانی هەژار، کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە ناچاربوون لە ماڵەکانیان بمێننەوە، دیاری کرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 7-5-2020، تیمی دابەشکردنی هاوکارییەکان، کە لێژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە عێراق دروستی کردووە، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، وردبوونەوە و پاکسازی لە ناوی ئەوانەی داوای هاوکارییان کردبوو، تەواو بووە.
تیمەکە هەروەها رایگەیاندووە، بانکی ناوەندی لە رێی بانکەکانەوە لە هەموو شارەکان، نامەیەکی مۆبایل بۆ هاووڵاتییەکە دەنێرێت و تێیدا بڕی هاوکارییەکە و شوێنی وەرگرتنی، بۆ دیاری دەکات.
ئێوارەی رۆژی هەینی 8-5-2020، دەست بە دابەشکردنی هاوکارییەکە دەکرێت، بەشێوەیەک، کە نەبێتە هۆی دروستبوونی گردبوونەوەی هاووڵاتییان، وەک رێکارێکی خۆپارێزی بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.
باسنيوز