په‌رله‌مانتارێكى كورد: ئاماژەکان پێمان دەڵێن كه کابینەکەی كازمى متمانه‌ى په‌رله‌مان بەدەست دێنێ
مەیادە نه‌جار، په‌رله‌مانتارى كورد لە فراکسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانى عێراق، ڕاى گه‌یاند: "هه‌موو ئاماژه‌كان پێمان دەڵێن كه حكوومه‌ته‌كه‌ى كازمى متمانه‌ى په‌رله‌مان وه‌ربگرێت، وێڕای ئه‌وه‌ى دۆخه‌كه وردە وردە هه‌ستیارتر ده‌بێت له نێوان لایەنە سیاسییه‌كانى عێراق، چونكه فراکسیۆنی ده‌وڵه‌تى یاسا و هه‌روه‌ها فراکسیۆنی فه‌تحیش تا ئه‌م کاتەش رێكنهكەوتوونە له‌سه‌ر پشكه‌كانیان له حكوومه‌تى داهاتوو".
گوتیشی: "به‌هۆی ئه‌وه‌ى دۆخی عێراق زۆر مه‌ترسیدار و هه‌ستیاره،ئه‌گه‌ر ئه‌م جاره‌ش نه‌تواندرێت حکوومەتی تازەی عێراق پێکبهێندرێت،ئیتر بابەتی پێکهێنانی حکوومەت دەبێتە کارێکی ئەستەم، بۆیە پێشبینی دەکرێت کازمی متمانە بەدەست بێنێ".
سەبارەت بە هەڵوێستی کورد سەبارەت بە دەنگدان یان دەنگنەدان بە کابینەکەی کازمی ناوبراو گوتی: "تاکو ئێستا له گفتوگۆداین له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان و شاندى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش کە ئێستا لە بەغدان، له‌سه‌ر شایسته‌كانى هه‌رێمى كوردستان گفتوگۆ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر گه‌یشتنه رێككه‌وتن ئه‌وا دواجار بڕیار له‌سه‌ر ده‌نگدان به حكوومه‌ته‌كه‌ى كازمی دەدرێت.
وا بڕیاره كاتژمێر 9ی ئه‌مشه‌و چوارشەممە لە دانیشتنێکی په‌رله‌مانى عێراقدا کابینەکەی مستەفا کازمی بخرێتە دەنگدانەوە.
باس‌نیوز