محەمەد بەلداوی پەرلەمانتاری فەتح: کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە کابینەکەی کازمی دوا دەخرێ
پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانیی فەتح (هاوپەیمانیی میلیشیا شیعەکان لە پەرلەمانی عێراق) پێشبینی دەکا کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر کابینەی نوێ، دوا دەخرێ.
ئەمڕۆ چوارشەممە 6-5-2020، محەمەد بەلداوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی فەتح لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، تا ئێستا کوتلە و لایەنە سیاسییەکان لەسەر دەنگدان بە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی، رێک نەکەوتوون.
محەمەد بەلداوی هەروەها رایگەیاندووە، لایەنە سیاسییەکان لەسەر چەند کاندیدێکی وەزارەتەکانی کابینەکەی مستەفا کازمی ناکۆکن و تا ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی.
ئەو پەرلەمانتارەی فەتح پێی وایە پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا ناتوانێ دەنگ لەسەر کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بدا و کۆبوونەوەکە بۆ رۆژی پێنجشەممە 7-5-2020 (سبەی)، دوا دەخرێت.
بڕیارە کاتژمێر 9ـی شەوی چوارشەممە 6-5-2020 (ئەمڕۆ)، پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، کۆ ببێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 9-4-2020، بەرهەم ساڵحی سەرکۆماری عێراق، مستەفا کازمی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق راسپارد و بەپێی دەستوور، دەبێ تا رۆژی 9-5-2020 کابینەکەی پێک بهێنێت.
باسنیوز