سێ مووشەک لە فڕۆکەخانەی بەغدا کەوتنە خوارەوە
سێ مووشەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کەوتنە خوارەوە و شانەی راگەیاندنی ئەمنیش پشتڕاتی دەکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 6-5-2020، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراقی لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێ مووشەک لە سنووری فڕۆکەخانەی بەغدا کەوتوونەتە خوارەوە.
هەروەک شانەکە رایگەیاندووە، سەکۆی هەڵدانی مووشەکەکان لە ناوچەی بەکریە لە رۆژئاوای بەغدا دۆزراوەتەوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هیچ زیانێک لە ئەنجامی کەوتنە خوارەوەی مووشەکەکان لە فڕۆکەخانەی بەغدا نەکەوتووەتەوە.
بەهۆی ناکارایی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق، دەیان گرووپ و میلیشیای چەکداریی توندڕەو، تاوانکاری و تیرۆریستی لە بەغدا و شارەکانی دیکەی ئەو وڵاتە بڵاو بوونەتەوە، کە بە ئارەزووی خۆیان و بەپێی بەرژەوەندیی ئەو لایەنەی کاری بۆ دەکەن، کردەی تاوانکاری و تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.
باسنيوز