داعش کارمەندێکی هەواڵگریی عێراقی دەکوژێت

داعش کارمەندێکی هەواڵگریی عێراقی دەکوژێت
چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش چەند وێنەیەکی کوشتنی کارمەندێکی دەزگای هەواڵگریی عێراقی، بڵاو دەکەنەوە.

وێنەکان لەلایەن داعشەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە و تێیدا داعش ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو کەسە ناوی ئەنوەر نایفە و سەر بە دەزگای هەواڵگریی عێراقییە، کە داعش بە رامزی ناوی بردووە.

داعش ئاماژەی بەوە کردووە، کە چەکدارەکانی ئەنوەر نایفیان لە بیابانەکانی حەزەر لە باشووری شاری مووسڵ کوشتووە.

وشەی رافزی لەلایەن عەرەبە سوننە مەزهەبە توندڕەوەکان بۆ مسوڵمانانی شیعەمەزهەب بەکار دێت.

لە کاتی داگیرکاریی عێراق لە ساڵی 2014 - 2017 لەلایەن داعشەوە، ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە پارێزگاکانی عێراقی بە ویلایەتی تیرۆریستی (خەلافەت)ـەکەی خۆیەوە ناو دەبرد، بەڵام وەک لەو وێنانە دەردەکەوێ، داعش هەموو عێراق بە ویلایەتێکی خەلافەتە تیرۆریستییەکەی هەژمار دەکات.

چەند رۆژێکە چەکدارانی داعش دەستیان بە هێرشی فراوان بۆ سەر حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، دیالە، سەڵاحەدین و بابل، کردووە.









باسنيوز


Top