ناوی ئەو لایەنانەی دەنگ بە کابینەکەی کازمی دەدەن ئاشکرا دەکرێت

 ناوی ئەو لایەنانەی دەنگ بە کابینەکەی کازمی دەدەن ئاشکرا دەکرێت


سەرکردەیەکی رەوتی حیکمە ناوی ئەو لایەنانە ئاشکرا دەکات، کە دەنگ بە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، دەدەن.

بڕیارە لەم هەفتەیەدا، پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی، کۆ ببێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 4-5-2020، فادی شەمەری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رەوتی حیکمە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نوری مالیکی و هاوپەیمانیی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی ئەیاد عەللاوی، دەنگ بە کابینەکەی مستەفا کازمی نادەن.

فادی شەمەری ئاشکرای کردووە، کە پەرلەمانتارانی رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتیی عەمار حەکیم، فەتح بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، سائیرون بە رێبەرایەتیی موقتەدا سەدر، نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی، هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان (سوننە) بە سەرۆکایەتیی محەمەد حەلبوسی و لایەنە کوردییەکان دەنگ بە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی کازمی، دەدەن.

رۆژی پێنجشەممە 9-4-2020، بەرهەم ساڵحی سەرکۆماری عێراق، مستەفا کازمی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق راسپارد و بەپێی دەستوور، دەبێ تا رۆژی 9-5-2020 کابینەکەی پێک بهێنێت و پێشکەشی پەرلەمانی بکات.






باسنیوز
Top