عەللاوییش لە دژی كابینەكەی مستەفا كازمی هاتەدەنگ

 عەللاوییش لە دژی كابینەكەی مستەفا كازمی هاتەدەنگ
ئەمڕۆ یەكشەممە ئەیاد عەللاوی سەرۆكی هاوپەیمانیی نیشتمانییش چووە پاڵ نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بۆ ڕەتكردنەوەی كابینەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق.


عەللاوی رایگەیاند كە رەتی دەكەنەوە متمانە بە كابینەی مستەفا كازمی بدەن، چونكە جێبەجێكردنی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران لە ناو بەرنامەی حكوومەتەكەیدا نەهاتووە.


لەمبارەیەوە هاوپەیمانیی نیشتمانی بڵاوی كردووەتەوە كە پێویست بوو داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانی عێراق لەبەرچاو بگیرێ، دەبوایە نوێنەرایەتیی خۆپیشاندەران لەناو كابینەكەدا هەبێت، لەگەڵ نوێنەرایەتی سەندیكا پیشەییەكان.


جێی باسە بەر لە هاوپەیمانییەكەی عەللاوی، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای نووری مالیكییش رایگەیاندبوو كە دەنگ بە كابینەكەی مستەفا كازمی نەدەن، سەرباری چەند هێزێكی تری شیعی، ئەمەش وا دەكات تێپەڕینی كابینەی چاوەڕوانكراوی حكوومەتی نوێی عێراق ئەستەم بێت.








باسنيوز
Top