هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا: بەشداریی حکوومەتی نوێ ناکەین و لە پەرلەمان دەنگی بۆ نادەین

هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا: بەشداریی حکوومەتی نوێ ناکەین و لە پەرلەمان دەنگی بۆ نادەین
هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ ٣ی ئایار بڵاوی کردووەتەوە ، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە سەرەڕای هەوڵ و کۆششی قەوارە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، ڕووداوەکان بە پێچەوانەی ئەوە دەڕۆن، کە لە دانوستاندنانەکاندا ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە.

لە بەشێکی بەیاننامەکەدا هاتووە: ”لە میانی دانوستاندنەکاندا ڕێککەوتن لەسەر میکانیزمەکانی دەستنیشانکردنی کاندیدەکان بۆ حکوومەتی نوێ کراوە، بەوەی کە سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو، بە یەک میتۆد مامەڵە لەگەڵ تەواوی قەوارە سیاسییەکاندا بکات، بەڵام ڕەوتی پێکهێنانی حکوومەت بە پێچەوانەی ئەو ئاراستەیە دەڕوا، کە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە“.

هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە بەیاننامەکەیدا ئاماژە بەوەش دەکات، کە سەرەڕای ئەم بەلاڕێداچوونە، ئەوان لە هەوڵی بەردەومدا دەبن، بۆ ئەوەی لەگەڵ قەوارە سیاسییەکاندا، ئاراستەکە ڕاستەڕی بکەنەوە و ئەو کەسانە کاندید بکەن، کە لێهاتوو و پاک و خاوەن تواناکانی سەرکردایەتیکردن بن و دەڵێت: ”بەداخێکی زۆرەوە، ئەو پێکهاتە حکوومییەی کە بەڕێزی ڕاسپێردراو خستوویەتیە ڕوو، دژی خواست و هیواکانی ڕۆڵەکانی گەلی عێراقە، چونکە بەربژێرەکان هیچ کام لەم تایبەتمەندییانەی لێهاتوویی و پاکییان تێدا نییە و قبووڵ نەکراون“.

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی یاسا لە کاردانەوەی ئەم هەڵوێستەی کەسی ڕاسپێردراو بۆ پێکهینانی حکوومەت و پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکان، بەشدارینەکردنی لە حکوومەتی نوێ ڕادەگەیەنێت و دەڵێت: ”لەسەر ئەو بنەمایە، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕایدەگەیەنێت، کە بەشداریی ئەم حکوومەتە ناکات و لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا دەنگی پێ نادات و بژارەکەش بۆ ئەندامەکانی دیکەی ئەنجوومەن جێ دەهێڵێت، بۆ ئەوەی بڕیاری گونجاوی لە بارەوە بدەن“.

جێی وەبیرهێنانەوەیە، کە لە دیمانەکەی دوو ڕۆژی ڕابردووی خۆیدا لەگەڵ کەناڵی ئاسمانیی ”ئەلشەرقییە“ و لە میانی بەرنامەی ”یاریی کورسییەکان“دا. ”د. فوئاد حوسێن - وەزیری دارایی عێراق“، بە ڕوون و ڕاشکاوی ئاماژەی بە هەوڵەکانی بەڵاڕێدانی پرۆسەکە و مانۆرەکانی ”مستەفا ئەلکازمی“ داوە لە پێکهینانی حکوومەتی نوێ و لادانی لە بنەما و ڕێکارەکانی کاندیدکردنی کەسەکان لەلایەن قەوارە سیاسییەکان بۆ پۆستەکانی حکوومەت، کە لە ٢٠٠٥ەوە تا ئەمڕۆ، گیراونەتەبەر و گوتی: ”پێویستە مستەفا ئەلکازمی تەکتیک و شێوازی کارکردنی خۆی بگۆڕێت“. بەپێچەوانەوە، پێکهێنانی حکوومەتی نوێ ئاستەنگی تێ دەکەوێت و گوتیشی: ”ئێمە هەموومان، شیعە و سووننە و کورد، لە هەوڵی ئەوەداین، بۆ ئەوەی بە ڕێگا دروستەکە هاوکاریی ئەلکازمی بکەین“









باسنيوز


Top