پەرلەمانتارێک ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی سبەی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا دەکات
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا دەکات.
حەسەن ئالی، پەرلەمانتاری عێراق راگەیاند، رۆژی دووشەممە 3-5-2020 (سبەی) پەرلەمانی عێراق کۆ دەبێتەوە.
میدیا عێراقییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە وەزارەتی گواستنەوە کردووە بە فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی عێراق، پەرلەمانتاران لە هەرسێ فڕۆکەخانەی هەولێر، سلێمانی و بەسرە بگوازێتەوە بەغدا بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەکە.
حەسەن ئالی هەروەها رایگەیاند، کۆبوونەوەکەی سبەی بۆ گفتوگۆکردن و ئامادەکاریی پەرلەمانتارانە بۆ کۆبوونەوەی ”چەند رۆژی داھاتوو“ی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی.
لە بارەی رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر کاندید و کارنامەی کابینەکەی کازمی، ئالی رایگەیاند، سەرۆکی پەرلەمان لە رێگەی جێگری یەکەمی خۆیەوە، ژمارەیەک لێژنەیەکی پێکھێناوە بۆ ئەوەی گفتگۆ لەسەر کارنامەی کابینەی نوێ بکەن و لایەنەکان بگەنە رێککەوتن لەسەری.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، کە ناوی کاندیدەکانی کورد رادەستی مستەفا کازمی کراوە و بڕیارە پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان، ناوی هەموو وەزیرەکانی کابینەی نوێ، بە فەرمی ئاشکرا بکرێت.
باسنيوز