چوار تەقینەوەی تیرۆریستی كارەبای سێیەكی عێراقی لەناوبرد

چوار تەقینەوەی تیرۆریستی كارەبای سێیەكی عێراقی لەناوبرد
ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی كارەبای عێراق ئاشكرای كرد تێكڕای بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لە شەش پارێزگای عێراق كە دەكاتە سێیەكی ئەم وڵاتە، بە هۆی چوار تەقینەوەی تیرۆریستی و كردنە ئامانجی تاوەری كارەبا لەناوچوو.

وەزارەتی كارەبا لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوە داوە لە شەش پارێزگادا، لە ناویاندا بەغدای پاتەختی فیدراڵی، بەهۆی كردنە ئامانجی تاوەری كارەباوە لە دیالە، بەرهەمهێنانی كارەبا لەبارچوو.

بە پێی بەیاننامەكە، تاوەری هێڵەكانی ١٣٢ كەی ڤی لە میقدادیە و ٤٠٠ كەی ڤی لە رۆژهەڵاتی بەغدا لە ڕێگەی مینی چێندراوەوە كراونەتە ئامانج و بەم هۆیەوە بە تەواوی پەكیان كەوتووە، بەمەش تۆڕی گشتیی كارەبا بڕی یەك هەزار و٥٠٠ مێگاوات كارەبای لەدەست چووە.

بەم شێوەیە كارەبای بەری كەرخی شاری بەغدا و باكووری رۆژهەڵاتی بەری رەسافەی بەغدا پەكی كەوتووە، لەگەڵ كارەبای شارەكانی كەركووك، ئەنبار، سەڵاحەدین و نەینەوا.

جێی باسە لە ماوەی ٤٨ كاتژمێری رابردوودا چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش چوار تاوەری گواستنەوەی وزەی كارەبای لە سنووری شاری بەعقوبە تەقاندووەتەوە.













باسنيوز



Top