ئەمەریکا: میلیشیا چەکدارەکان نزيك له ئێران ئازادی خەڵکی عێراق پێشێل دەکەن

ئەمەریکا: میلیشیا چەکدارەکان نزيك له ئێران ئازادی خەڵکی عێراق پێشێل دەکەن
کۆمسیۆنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکی نوێدا روونیکردووەتەوە؛ میلیشیاکان هۆکاری سەرەکین بۆ کەمبوونەوەی ئازادی ئایینی لە عێراق و حەشدی شەعبیش بە هۆکاری نەگەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ شنگال دادەنێت.

کۆمسیۆنی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی لە راپۆرتی ساڵانەیدا ناوی چەندین وڵاتی خستووەتە نێو لیستی ئەو وڵاتانەی کە تیشکیان دەخرێتە سەر لەبەر نەبوونی ئازادیی پێویستی ئایینی و عێراقیش لە نێو لیستەکەدایە.

بەگوێرەی ئەو راپۆرتە، پەنابەرانی عێراق لە هەرێمی کوردستان دۆخێکی سەقامگیرییان هەیە، بەڵام هێشتا چارەنووسیان بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان دیار نەکراوە.

لە راپۆرتی کۆمسیۆنەکەدا هاتووە، هۆکاری سەرەکی کەمبوونەوەی ئازادی ئایینی لە عێراق بۆ ناسەقامگیریی باری ئەمنی دەگەڕێتەوە. ئەمەش بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر لە میلیشیاکانی سەر بە ئێران و حەشدی شەعبی، کە هۆکارن لە بەردەم بەرتەسک کردنەوەی پێکەوەژیانی ئایینی، لەوانەش دانانی چەند بازگەیەک لەسەر رێگەی شنگال کە رێگرە لە بەردەم گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ ناوچەکانیان.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکە دا هاتووە، کەتایبی بابلیۆن و شەبەک کە سەر بە حەشدی شەعبین، رۆڵێکی سەرەکیان لە چەند ناوچەیەکی هەستیار گێڕاوە و رێگەیان نەداوە خەڵکی ناوچەکە بگەڕێنەوە شوێنەکانیان و کۆمسیۆنەکە داوای لە حکوومەتی ئەمەریکا کردووە، ناوی چەندین سەرکردەی دیکەی حەشدی شەعبی بخاتە نێو لیستی سزاکانەوە.








K24
Top