پوخته‌ی ناوه‌ڕۆكی كارنامه‌ی وه‌زاری مسته‌فا كازمی

پوخته‌ی ناوه‌ڕۆكی كارنامه‌ی وه‌زاری مسته‌فا كازمی

مسته‌فا كازمی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق، ئه‌مڕۆ واژووی له‌سه‌ر كارنامه‌ی كابینه‌كه‌ی كرد و ره‌وانه‌ی كرد بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق. بڕیاریشه‌ سبه‌ی حه‌سه‌ن كه‌عبی، جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ تاوتوێكردنی ئه‌و كارنامه‌یه‌ بكات.

كارنامه‌كه‌ له‌ حه‌وت به‌ندی سه‌ره‌كی پێكهاتووه‌ و هه‌ر به‌ندێكی له‌ ژێر ناونیشانێكدا ژماره‌یه‌ك خاڵی تێدا خراوه‌ته‌ڕوو.

پوخته‌ی ناوه‌ڕۆكی كارنامه‌كه‌:

یه‌كه‌م: پێشینه‌كان:

1- ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌. كاراكردنی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان. جێبه‌جێكردنی یاسای پارته‌كان.

2- خستنه‌ژێرباری سه‌رجه‌م توانای وڵات بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا. دانانی سیستمێكی ته‌ندروستی هاوچه‌رخ.

3- سه‌پاندنی شكۆی ده‌وڵه‌ت و گێڕانه‌وه‌ی چه‌ك بۆ ده‌ستی دامه‌زراوه‌ حكومی و سه‌ربازییه‌كان.

4- ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی له‌ناكاوی و كارپێكردنی دوای ئه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران په‌سندی ده‌كات.

5- ده‌ستپێكردنی گفتوگۆیه‌كی نیشتمانی به‌رپرسیارانه‌ و راشكاوانه‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوی پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خواستی بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی ئاشتیانه‌ی هاووڵاتیان.

6- پاراستنی سه‌روه‌ری عێراق و ئاسایشه‌كه‌ی و كاركردن له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی روانگه‌یه‌كی نیشتمانی هاوبه‌ش بۆ گفتوگۆكردن له‌ باره‌ی داهاتووی مانه‌وه‌ی هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ عێراق.

7- ریشه‌كێشكردنی گه‌نده‌ڵی و كاركردن بۆ پاراستنی سامانی سرووشتی وڵات و پێشخستنی.

8- قووڵكردنه‌وه‌ی به‌های هاووڵاتیبوون له‌گه‌ڵ رێزگرتن له‌ هه‌مه‌جۆری ئاینی و عورفی و نه‌ته‌وه‌یی عێراق و نوێنه‌رایه‌تیكردنیان له‌ سه‌رجه‌م جومگه‌كانی ده‌وڵه‌تدا.

دووه‌م: پێشخستنی دامه‌زراوه‌ سه‌ربازییه‌ ئه‌منییه‌كان و چاكسازی تێیاندا:

1- ئه‌ركی سوپای عێراق پاراستنی سنووری وڵات و پارێزگاری سه‌روه‌رییه‌كه‌ی و پاراستنی پرۆسه‌ی دیموكراتییه‌. ده‌ستێوه‌ردان ناكات له‌ ناوچه‌ مه‌ده‌نییه‌كان، مه‌گه‌ر به‌ فه‌رمانێكی تایبه‌تی فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كان نه‌بێت، ئه‌وه‌ش ته‌نیا بۆ پێویستی ئه‌منی ده‌بێت.

2- وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌ رێگه‌ی ئۆگرانه‌كانییه‌وه‌ پرسی پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ و ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌روه‌ری یاسا و پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادییه‌كان ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ.

3- هه‌ریه‌ك له‌ دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كانی موخابه‌راتی نیشتمانی و ئه‌منی نیشتمانی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و حه‌شدی شه‌عبی ئه‌ركه‌كانی خۆیان له‌ چوارچێوه‌ی پسپۆڕی و یاسا به‌ركاره‌كان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن و په‌یوه‌ست ده‌كرێت به‌ فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌.

4- به‌هێزكردن و پێشخستنی ئه‌دای دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كان.

5- ئه‌نجامدانی دانووستانی جددی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی وڵاتانی به‌شداربوو له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ جۆرێك ده‌سته‌به‌ری خواسته‌كانی گه‌لی عێراق له‌ دابینكردنی سه‌روه‌ری كامڵی نیشتمانی له‌ ژێر رۆشنایی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی عێراق بكات و ئاسایشی ناوخۆ نه‌به‌زێنرێت.

سێیه‌م: ئابووری و وه‌به‌رهێنان و روانگه‌ی ده‌وڵه‌ت:

1- دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌نی باڵای بنیاتنانه‌وه‌ و وه‌به‌رهێنان.

2- راگه‌یاندنی پڕۆژه‌یه‌ك به‌ ناوی "صنع فی العراق" بۆ هاندانی پیشه‌سازی ناوخۆی و به‌رهه‌می كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵی.

3- پێشخستنی ئه‌دا و رۆڵی بانكی له‌ عێراق له‌ رێگه‌ی به‌هێزكردنی متمانه‌ به‌ بانكه‌ گشتیی و تایبه‌ته‌كان.

4- هاندانی وه‌به‌رهێنان له‌ بواره‌كانی گه‌شتوگوزار، ته‌كنۆلۆجیا، په‌یوه‌ندییه‌كان و گواستنه‌وه‌.

5- سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، سه‌رۆكایه‌تی ئه‌میندارێتی به‌غدا ده‌كات بۆ نه‌هێشتنی رێگرییه‌كانی به‌رده‌م بنیاتنانه‌وه‌ی به‌غدا له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا.

6- چاكسازی ئیداری گشتگیر له‌ دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تدا.

7- ته‌واوكردنی پرۆژه‌ی حكومه‌تی ئه‌لیكترۆنی.

8- دانانی پرۆگرامێك بۆ ره‌خساندنی هه‌لی كار و به‌گه‌ڕخستنی گه‌نجانی وڵات له‌ كه‌رتی تایبه‌ت و ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بۆیان و ره‌چاوكردنی رۆڵی ئافره‌ت له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا.

9- فراوانكردنی چوارچێوه‌ی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ئه‌وانه‌ی داهاتیان سنوورداره‌.

چواره‌م: بنه‌مای په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌:

په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر سێ بنه‌مای: سه‌روه‌ری، هاوسه‌نگی و هاوكاری بنیاتده‌نرێنه‌وه‌:

1- سه‌روه‌ری: عێراق هه‌ر جۆره‌ ده‌ستوه‌ردان و زیانگه‌یاندنێك به‌ سه‌روه‌ری نیشتمانییه‌كه‌ی ره‌تده‌كاته‌وه‌، جا له‌ لایه‌ن هه‌ر وڵاتێكه‌وه‌ بێت. رێگه‌ش نادرێت خاكی عێراق به‌كاربهێنرێت بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشمه‌كێشمی سیاسی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی.

2- هاوسه‌نگی: به‌ بێ پشتبه‌ستن به‌ بنه‌مای هاوسه‌نگی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ ناكرێت ده‌سته‌به‌ری سه‌روه‌ری نیشتمانی بكرێت. عێراق سیاسه‌تی سوڕگه‌گیرانه‌ (میحوه‌ری) ناگرێته‌ به‌ر و ناچێته‌ ناو ورده‌كاری ململانێكانه‌وه‌ و هه‌وڵی كرانه‌وه‌ی ئه‌رێنی به‌ رووی وڵاتانی برا و دۆست له‌ چوارچێوه‌ی قوڵایی عه‌ره‌بی و دراوسێ ئیسلامییه‌كانی ده‌دات و پابه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی راده‌په‌ڕێنێت.

3- هاوكاری: عێراق هه‌وڵی بنیاتنانی سیستمێكی كامڵ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی له په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ ده‌دات. ئه‌مه‌ش به‌ مه‌رجی ده‌ستبه‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نیشتمانییه‌كانی.

پێنجه‌م: به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و چاكسازی ئیداری:

1- به‌هێزكردنی ته‌واوكاری نێوان دامه‌زراوه‌ و ده‌سته‌كانی تایبه‌ت به‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و چاودێری ئیداری و پشتیوانیكردنیان و ده‌سته‌به‌ركردنی ده‌سه‌ڵاتی پێویست بۆیان تا بتوانن یاسا تایبه‌ته‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و سامانه‌ی عێراق، كه‌ براوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌. هه‌روه‌ها پێشكه‌شكردنی یاسای پێویست بۆ به‌دواداچوونی ئه‌و دۆسییانه‌ی گه‌نده‌ڵی كه‌ په‌كیان خراوه‌. ژێربارخستنی هه‌موو توانایه‌كی ده‌وڵه‌ت له‌ رووی ئه‌منییه‌وه‌ بۆ سه‌پاندنی یاسا به‌سه‌ر گه‌نده‌ڵان و ئه‌وانه‌ی هه‌ژموونیان به‌سه‌ریانه‌وه‌ هه‌یه‌. ده‌ستپێكردنی وردبینی به‌ تۆماری دارایی كۆمپانیا حزبی و كه‌سییه‌كان و ئه‌وانه‌ی سامانی گوماناویان كۆكردووه‌ته‌وه‌، به‌ رێگه‌ی نا یاسایی.

2- چاكسازی ئیداری و گرتنی هه‌موو ئه‌و كه‌لێنانه‌ی له‌ رێیانه‌وه‌ ده‌رفه‌ت بۆ گه‌نده‌ڵكاران ره‌خساوه‌. ئه‌مه‌ش له‌ رێی نوێكردنه‌وه‌ی سیستمی گرێبه‌سته‌كانی ده‌وڵه‌ت و میكانیزمی ئه‌نجامدانیان و پێوه‌ره‌كانی وه‌به‌رهێنان.

شه‌شه‌م: دادپه‌روه‌ری پێوه‌ری ده‌وڵه‌تی سه‌ركه‌وتووه‌:

1- پشتیوانیكردنی ده‌سته‌ دادوه‌رییه‌كان و پاراستنیان بۆ ئه‌وه‌ی رۆڵی نیشتمانی خۆیان له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌رچووان له‌ یاسا ببینن.

2- ده‌رچواندنی یاسا و رێنمایی پێویست و پاڵپشت بۆ سه‌ربه‌خۆی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری.

حه‌وته‌م: ناڕه‌زایه‌تی ئاشتیانه‌ رێگه‌یه‌كه‌ بۆ رێنوێنی ده‌وڵه‌ت:

حكومه‌ت، ئه‌نجوومه‌نێكی راوێژكاری خۆبه‌خشانه‌ی گه‌نجانه‌ درووست ده‌كات. ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ ده‌به‌سترێته‌وه‌ به‌ نووسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ته‌وه‌. نوێنه‌رایه‌تی سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عێراقی تێدا ده‌بێت. ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌ت ده‌بێت له‌ باره‌ی هه‌موو هه‌نگاوه‌كانی حكومه‌ت به‌ تایبه‌ت له‌ بواری چاكسازی. كار بۆ پێشخستنی هه‌له‌كان ده‌كرێت بۆ بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت. ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ رۆڵی ده‌بێت له‌ داڕشتنی میكانیزمی هه‌میشه‌یی بۆ پاراستنی مافی خۆپیشاندان، ده‌سته‌به‌ری ئاشتیانه‌بوونی.




K24 –
Top