پەرلەمانی عێراق داوای یارمەتی پێشمەرگە دەكات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە كەركووك

پەرلەمانی عێراق داوای یارمەتی پێشمەرگە دەكات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە كەركووك
ەمڕۆ سێشەممە حەسەن كەعبی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق داوای كرد هاوئاهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكرێت بۆ ئەوەی پێشمەرگە بەشداری بكات لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە كەركووك و ناوچەكە.

ئەمڕۆ كەعبی رایگەیاند كە داعش هەڕەشە لە ئاسایشی چەند پارێزگایەك دەكات، پێویستە هاوئاهەنگی ئاسایشی لە نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان بكرێت بۆ ئەوەی سنوورەكان پارێزراو بن و ڕێگە لە دزەكردنی چەكدارانی داعش بگیرێت.

جێی باسە ئەم داوایە لە كاتێكدایە كە لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧، كە حەشدی شەعبی دەستی بەسەر شاری كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تری سنوورەكە داگرت، دۆخی ئاسایشی ئەم سنوورە بەردەوام بەرەو خراپی دەچێت و ماوەیەكیشە داعش بە ئاشكرا هەڕەشە لە ئاسایشی سنوورەكە دەكات و دەستی بە هێرشی تیرۆریستی كردووەتەوە.

ئەمڕۆش كەعبی لە میانی سەرۆكایەتیكردنی كۆبوونەوەیەكی فرەواندا بە ئامادەبوونی سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی عێراق، فەرماندەكانی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركووك، دیالە و سەڵاحەدین، هۆشداری دا لەوەی هەڕەشەی داعش توندتر دەبێت لە ناوچەكە و پێویستە ئاگەداری ئاسایشی ئەم پارێزگایانە بن.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق داواشی كرد ناوەندەكانی هاوئاهەنگی ئاسایشی نێوان حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كارا بكرێنەوە و هێزە ئاسایشییە جیاوازەكان و هێزەكانی پێشمەرگە یارمەتیدەر بن لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە و ڕێگرتن لە دزەكردنی زیاتری چەكدارانی داعش.










باسنيوز



Top