مستەفا كازمی بەڵێنی ڕەخساندنی هەڵبژاردنێكی پاك بە عێراقییەكان دەدات

مستەفا كازمی بەڵێنی ڕەخساندنی هەڵبژاردنێكی پاك بە عێراقییەكان دەدات
ئەمڕۆ سێشەممە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق بەڵێنی دا هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەكەی بڕەخسێنێت.

كازمی لە میانی پێشوازیكردنی لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بە سەرۆكایەتی قازی جەلیل عەدنان، بەڵێنی پێدان كار بۆ ئەوە بكات متمانە بۆ هەڵبژاردنەكان بگەڕێنێتەوە و هەلێكی باش بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و دادوەرانە بڕەخسێنێت.

لەمبارەیەوە كازمی لە بەیاننامەیەكیشدا رایگەیاند كە حكوومەتەكەی هەوڵی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێك دەدات لەسەر بنەمای بێگەردی و دادوەری، بە شێوەیەك هەڵبژاردنەكە وەڵامدەرەوەی قۆناغەكە بێت، متمانە لە نێوان خەڵك و پرۆسەی هەڵبژاردن دروست بكاتەوە.

سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بە كۆمسیۆنەكەی راگەیاندووە كە ئەوان هاوبەشی سەرۆك وەزیرانن بۆ پشتیوانی و یارمەتیدانی وڵاتەكەیان لەپێناو تێپەڕاندنی دۆخی تەنگژاوی ئێستای.

جێی باسە رۆژی هەینیی رابردوو كازمی لیستی ناوی 14 وەزیری كابینەكەی پێشكەشی هێزە شیعیەكان كرد، بەڵام رەت كرایەوە و تا ئێستا ڕێككەوتن لەسەر پێشكەشكردنی كابینەی حكوومەتەكەی بە پەرلەمان نەكراوە.










باسنيوز


Top