مستەفا کازمی حەوت وەزارەت لە لایەنە سیاسییەکان وەردەگرێتەوە
سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق حەوت وەزارەت لە لایەنە سیاسییەکان وەردەگرێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 28-4-2020، ریاز مەسعودی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی سائیرون بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، پێویستە مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق کابینەیەک لە کەسانی ئاستبەرز و سەربەخۆ و رابردوو پاک، پێک بهێنێت.
ریاز مەسعودی هەروەها رایگەیاندووە، مستەفا کازمی حەز دەکات حەو وەزارەتی کابینەکەی لەلایەنە سیاسییەکان وەربگرێتەوە و بە کەسانی پسپۆڕی بوارەکەیان بسپێرێت.
ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانیی سائیرون ناوی وەزارەتەکانی ئاشکرا کردووە، کە بریتین لە وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، نەوت، دارایی، کارەبا، تەندروستی و دەرەوە.
رۆژی پێنجشەممە 9-4-2020، بەرهەم ساڵحی سەرکۆماری عێراق، مستەفا کازمی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق راسپارد و بەپێی دەستوور، دەبێ تا رۆژی 9-5-2020 کابینەکەی پێک بهێنێت و پێشکەشی پەرلەمانی بکات.
باسنيوز