مستەفا کازمی: هیچ فشارێک قبووڵ ناکەم ئاراستەی حکومەتەکەم بگۆڕێت
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق لە توویتێکدا لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و فشارەکانی سەری دەڵێت، "ئەو بەرپرسیارێتییەی لەم دۆخە سەختە ئابووری، تەندروستی و ئەمنییەی پێمسپێردراوە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە، ئەو حکومەتەی هەوڵدەدەم پێکیبهێنم دەبێت لە ئاستی قەیران و چارەسەرەکانیدا بێت".
کازمی جەختدەکاتەوە، دەبێت هەموو لایەک بەرژەوەندی عێراق بخەنە پێش هەموو شتێک، "من تەنها ئەو فشارانە قبووڵ دەکەم، کە یارمەتی دەوڵەت دەدەن بکەوێتە سەر ئاراستەی خۆی، هەر جۆرە فشارێکیش رەتدەکەمەوە کە لەو ئاراستەیە لابدات".
مستەفا کازمی، رۆژی پێنجشەممە 9ـی نیسانی 2020 لەلایەن سەرۆککوماری عێراق، بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپیردرا، بەپێی مادەی 76ـی دەستووری عێراق، کازمی تەنیا 30 رۆژی لە بەردەستە بۆ پێشکەشکردنی حکومەتەکەی بە پەرلەمان بۆ بەدەستهێنانی متمانە.
رووداو -