لێژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە عێراق سێ بڕیار تاوتوێ دەکات
لێژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتیی نیشتمانیی عێراقی (لێژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا)کۆ دەبێتەوە و سێ بڕیار تاوتوێ دەکات.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 27-4-2020، لێژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتیی نیشتمانیی عێراقی بە سەرۆکایەتیی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری ئەو وڵاتە کۆ ببێتەوە و بڕیاری نوێ لەبارەی ئەو تەوەرانە دەدات:
- ئاسانکاریی هاتوچۆی هاووڵاتییان و سوککردنی بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆ.
- توندکردنی رێوشوێنەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لەو ناوچانەی ژمارەی تووشبووانیان زۆرە.
- تاوتوێکردنی داواکاریی وەزیری تەندروستی، کە داوای کردبوو گەڕاندنەوەی عێراقییەکانی دەرەوە، کە بەهۆی خوێندن، نەخۆشی و گەشت لە دەرەوە بوون، چونکە شوێن بۆ دابڕاندنیان لە دابڕگەی پزیشکی نەماوە و ترسیش هەیە ئەو کەسانە هەڵگری پەتای کۆرۆنا بن.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، بارودۆخی ئابووریی عێراق دوای دابەزینی نرخی نەوت دەبێت.
تا ئێستا هەزار و 473 کەس لە عێراق تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، 83 کەس گیانیان لەدەست داوە.
باسنيوز