جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق زانیاری له‌باره‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ئاشكرا ده‌كات

جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق زانیاری له‌باره‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ئاشكرا ده‌كات
سامر غه‌زبان، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و هاوكات وه‌زیری نه‌وت ئاشكرایكرد، حكومه‌ت بیر له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی بڕێكی دیاریكراو له‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌كاته‌وه‌ و دووپاتی كرده‌وه‌، ده‌ستكاری مووچه‌ی بنه‌ڕه‌تی ناكرێت.

له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی سومه‌رییه‌ سامر غه‌زبان گوتی: "ژماره‌ی مووچه‌خۆران ئه‌مساڵ به‌ به‌راورد به‌ ساڵی رابردوو زۆر زیادی كردووه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی خانه‌نشینبوون و دامه‌زراندنی نوێ، وێڕای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كارمه‌نده‌ دابڕاوه‌كانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ سه‌ر ئه‌ركه‌كانیان، بۆیه‌ كورتهێنانێكی گه‌وره‌ به‌ بڕی 56 ترلیۆن دیناری عێراقی له‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینكراواندا درووست بووه‌، ئه‌مه‌ش واتا پێویستیمان به‌ نزیكه‌ی 45 ملیار دۆلار هه‌یه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كورتهێنانه‌".

جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ناتوانین پێشبینی بكه‌ین ئاخۆ له‌و دۆخه‌ خراپه‌ی ئابووریدا چیمان پێ ده‌كرێت بۆ ئه‌و پرسه‌، ته‌نانه‌ت مه‌گه‌ر رێكاری نوێ بگرینه‌ به‌ر، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش پێكهێنراوه‌ و چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ش له‌مباره‌یه‌وه‌ كراوه‌، كه‌ خۆم و وه‌زیری دارایی و ئه‌وانی دیكه‌ش له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا به‌شدار بووین، لیژنه‌كه‌ش به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئه‌نجامداوه‌".

سامر غه‌زبان دووپاتی كرده‌وه‌، "مووچه‌ی ئه‌م مانگه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌درێت و بڕیاریش له‌مباره‌یه‌وه‌ دراوه‌، به‌ڵام بۆچوونێك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ له‌ ئارادایه‌، داهاتی فه‌رمانبه‌رانی عێراق له‌ دوو به‌ش پێكهاتووه‌، به‌شێكیان به‌ ناوی مووچه‌ی بنه‌ڕه‌تی و به‌شی دیكه‌ش ده‌رماڵه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت، كه‌ هه‌ره‌ زۆره‌كه‌یه‌ و بڕه‌كه‌شی له‌ فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌تێكه‌وه‌ بۆ یه‌كێكی دیكه‌ و له‌ توێژێكه‌وه‌ بۆ یه‌كێكی دیكه‌ جیاوازه‌"، گوتیشی: "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستكاری مووچه‌ی بنه‌ڕه‌تی ناكرێت".

روونیشی كرده‌وه‌، "ئه‌وه‌ی كه‌ باس ده‌كرێت، كه‌مكردنه‌وه‌ی بڕێكی دیاریكراوه‌ به‌ شێوه‌ی پاشه‌كه‌ بۆ داهاتوو له‌ ده‌رماڵه‌كان، ئه‌و بابه‌ته‌ش له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانی لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان گفتوگۆ كراوه‌"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كۆمه‌ڵێك چاكسازی ده‌كات و ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌كات و دوا گفتوگۆ و بڕیاریش له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ لای ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و هیچ بڕیارێكی تاكلایه‌نه‌ش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ نادرێت".





K24
Top