دابه‌زینی نرخی نه‌وت و كۆرۆنا عێراقییان رووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی دارایی كردووه‌ته‌وه‌

دابه‌زینی نرخی نه‌وت و كۆرۆنا عێراقییان رووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی دارایی كردووه‌ته‌وه‌
شاره‌زایان و سیاسه‌تمه‌دارانی عێراق داوا ده‌كه‌ن، حكومه‌تی وڵاته‌كه‌یان هه‌نگاوی خێرا و كارا بنێت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی به‌ هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت رووی له‌ وڵات كردووه‌.

كاردانه‌وه‌كانی دابه‌زینی نرخی نه‌وت له‌ عێراقدا به‌رده‌وامن، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌، عه‌مار حه‌كیم رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر به‌ر له‌ لێكه‌وته‌كانی دابه‌زینی نرخی نه‌وت نه‌گرین، ره‌نگه‌ كاریگه‌ری زۆر مه‌ترسیدار له‌سه‌ر ره‌وشی ئابووری عێراق درووست بكات.

عه‌مار حه‌كیم له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا راشیگه‌یاند، ئه‌وه‌ی له‌ بازاڕی نه‌وتدا روویداوه‌، كاریگه‌ری گه‌وره‌ی نه‌رێنی له‌سه‌ر ئابووری وڵاتمان ده‌بێت. هه‌ربۆیه‌ پێویسته‌ عێراق سه‌رچاوه‌ی داهاتی فره‌ چه‌شن بكات و هه‌وڵی بووژاندنه‌وه‌ و پێشخستنی كه‌رتی كشتوكاڵ، پیشه‌سازی و وه‌به‌رهێنان بدات.

له‌و باره‌یه‌وه‌ رادیوی "سه‌وا" بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، عێراق رووبه‌ڕووی واقیعێكی ئابووری و دارایی ئاڵۆز بووه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ش به‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا و دابه‌زینی بێ پێشینه‌ی نرخی نه‌وت، كه‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی داهاتی وڵاته‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌، ئه‌حمه‌د جبووری، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، بانكی ناوه‌ندی عێراق ناچار ده‌بێت قه‌رز له‌ بانكه‌ ئه‌هلییه‌كان وه‌ربگرێت و پێویستیشه‌ كاری زیاتر بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بانكه‌ ئه‌هلییه‌كان زۆرتر به‌شداری له‌ زیادكردنی ئاشكرای دراوه‌كان بكه‌ن.

ئه‌و نوێنه‌ره‌ داواشیكرد، وه‌زاره‌تی دارایی بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ، پاره‌داركردنی سه‌رجه‌م پڕۆژه‌كان رابگرێت و پاره‌كه‌ ته‌رخان بكات بۆ خه‌رجی مووچه‌ و دابینكردنی خۆراك و ده‌رمان بۆ هاووڵاتیان.

هه‌روه‌ها داوایكرد، كه‌رتی كاری ده‌ستی له‌ عێراق كارا بكرێت و ئه‌و سوپا بێكاره‌ی درووست بووه‌، كاری له‌سه‌ر بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌شداری له‌ به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆییدا بكات.

بودجه‌ی عێراق به‌ رێژه‌ی زیاتر له‌ %90 پشت به‌ داهاتی نه‌وت ده‌به‌ستێت و زیاتر له‌ چوار ملیۆن فه‌رمانبه‌ری ده‌وڵه‌ت هه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پیاوانی خاوه‌ن كار، ماجد ساعدی بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن، ئاشكرای كردووه‌.

ساعدی گوتیشی: چیدیكه‌ نابێت پشت به‌ نه‌وت ببه‌سترێت. له‌مه‌ودوا نه‌وت ئه‌و كاڵایه‌ نییه‌ كه‌ پشتی پێ ببه‌سترێت و كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌، كار بۆ پێشخستنی پیشه‌سازی ناوخۆی بكرێت و ئابووری هاووڵاتیان ببوژێنرێته‌وه‌ و سه‌رچاوه‌ی داهاتی وڵات فره‌ چه‌شن بكرێت.

له‌ باره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌، وه‌زیری كاره‌بای حكومه‌تی عێراق، لوئه‌ی خه‌تیب رایگه‌یاندبوو، مه‌ترسی ئه‌وه‌ له‌ ئارادایه‌، دابه‌زینی نرخی نه‌وت‌، كاریگه‌ری له‌سه‌ر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران درووست بكات، به‌ڵام ئه‌میندارێتی گشتی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ئه‌و هه‌واڵه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، مووچه‌ی خانه‌نشین و فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت پارێزراوه‌ و ناكرێت ده‌ستی بۆ ببرێت.





K24 –
Top