مستەفا کازمی هەڕەشەی کشانەوە لە راسپاردنەکەی دەکات
سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق بەهۆی گوشارەکانەوە، هەڕەشەی کشانەوە لە راسپاردنەکەی دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23-4-2020، سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بە ماڵپەڕی (شەفەق نیوز)ی راگەیاندووە، مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق زۆر بێزار بووە لە گوشاری لایەنە شیعەکانی عێراق.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها رایگەیاندووە، مستەفا کازمی لە ناڕازیبوونی لایەنە شیعەکان لەسەر ئەندامانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بێزار بووە.
بە گوتەی سەرچاوەکە، مستەفا کازمی رایگەیاندووە، گۆڕانکاری لە ناوی بەشێک لە کاندیدەکانی کابینەکەی دەکات و ئەگەر ئەمجارە لایەنە شیعییەکان پێی رازی نەبن، ئەوا لە راسپاردنەکەی دەکشێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 9-4-2020، بەرهەم ساڵحی سەرکۆماری عێراق، مستەفا کازمی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق راسپارد و بەپێی دەستوور، دەبێ تا رۆژی 9-5-2020 کابینەکەی پێک بهێنێت و پێشکەشی پەرلەمانی بکات.
باسنيوز