ناکۆکیی لایەنە شیعەکان پێکهێنانی کابینەکەی کازمیی دواخستووە

ناکۆکیی لایەنە شیعەکان پێکهێنانی کابینەکەی کازمیی دواخستووە
لە ماوەی 24 کاژێردا دوو جار سەرکردەکانی شیعە کۆبوونەتەوە بۆ دابەشکردنی وەزارەتەکانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، بەڵام شکستیان ھێناوە و نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.

نێوماڵی شیعە ناکۆکییەکانیان گەیشتووەتە لوتکە و ھەر لایەنە و دەیەوێ بەدڵی خۆی پشکی ھەبێت، سائیروونی موقتەدا سەدر و رەوتی حیکمەی عەمار حەکیم لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی نەوت کێبڕکێیانە و ناکۆکن، دەوڵەتی یاسای نووری مالکی و بەدری ھادی عامرییش لەسەر وەزارەتی ناوخۆ تائێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و کەسیان سازش بۆ ئەوی دیکە ناکەن، ھەر ئەم ناکۆکییانەیە رێگربووە لەوەی مستەفا کازمی بەر لە مانگی رەمەزان کارنامە و کابینەکەی پێشکەشی پەرلەمان بکات.

نەسیم عەبدوڵڵا، ئەندامی ھاوپەیمانیی فەتح دەڵێ "تاوەکو ئێستا ناکۆکی ھەیە، پرسەکان یەکلانەکراونەتەوە لەنێوان کوتلە سیاسییەکان، بەجۆرێک بەشێک رازین و بەشێکیان ناڕازین لەو شایستەیەی پێیان دراوە، حکومەتی بەڕێز کازمی جیاوازە لە حکومەتەکەی بەڕێز عادل عەبدولمەھدی، پێشتر لە سەردەمی ئەودا بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان بوونە ئۆپۆزسیۆن، بەڵام ئێستا لە حکومەتەکەی بەڕێز کازمی ھەموو لایەک دەیەوێ بەشداری بکات لەم حکومەتە".

دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ھێشتا کاتی کۆبوونەوەکەی دیارینەکردووە و بڕیارە ھەفتەی داھاتوو مستەفا کازمی بەشێکی کابینەکەی پێشکەشبکات بۆ دەنگدان لەسەری، ئەوانەشی ناکۆکییان لەسەرە بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێن، ئەوەی کە تائێستا یەکلاکراوەتەوە بریتییە لە 11 وەزارەت بۆ شیعەکان، شەش وەزارەت بۆ سوننە، سێ وەزارەتیش بۆ کورد و دوو وەزارەتیشیان بۆ پێکھاتەکانی دیکە دەبێت.

دکتۆر بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێ "وا پێشبینی دەکرا پێش مانگی رەمەزان ئەمڕۆ یان سبەی کابینەکەی پێشکەش بکات و دانیشتنی پەرلەمانی بۆ بکرێت، بەڵام دیارە ئەو ناکۆکییە لەنێو ماڵی شیعەدا پەیدابووە و مشتومڕیان لەسەر ھەندێک وەزارەت ھەیە و نەیانتوانیوە کابینەکە بەو ھۆیەوە پێشکەش بکەن، تاوەکو ئێستا ئەوەی روون و دیارە، سێ وەزارەت بەر ئێمە دەکەوێت وەکو ھەرێمی کوردستان".

خەریکە بازنەی ناڕەزایەتی دژی کازمی لەنێو مانگرتووانی بەشێکی گۆڕەپانەکان زیاد دەکات، لەکاتێکدا دوو ھەفتەیە مستەفا کازمی راسپێردراوە بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق، بەڵام بەھۆی ناکۆکیی لایەنەکان تائێستا نەیتوانیوە کارنامە و کابینەکەی پێشکەشی پەرلەمان بکات.










رووداو
Top