پەرلەمانتارێک: کازمی لە پێکهێنانی کابینەکەی نزیک بووەتەوە
پەرلەمانتارێکی عێراقی ئاشکرا دەکات، کە سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو لە پێکهێنانی کابینەکەی نزیک بووەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22-4-2020، میدیا عێراقییەکان لە زاری سەعران ئەلئەعاجیبی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی سائیرون لە پەرلەمانی عێراق بڵاویان کردووەتەوە، کە مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق لە دیاریکردنی ئەندامانی کابینەکەی و بەرنامەی حکوومەتەکەی، نزیک بووەتەوە.
سەعران ئەلئەعاجیبی هەروەها رایگەیاندووە، مستەفا کازمی لە ”چەند رۆژی داهاتوودا“ پێکهێنانی کابینەکەی رادەگەیەنێت و پێشکەشی پەرلەمانی دەکا بۆ دەنگ لەسەر دانی و گوتویەتی، ”ئەگەر زۆر بخایەنێ، ئەوا کازمی هەفتەی داهاتوو پێکهاتەی کابینەکەی پێشکەشی پەرلەمان دەکات“.
رۆژی پێنجشەممە 9-4-2020، بەرهەم ساڵحی سەرکۆماری عێراق، مستەفا کازمی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق راسپارد و بەپێی دەستوور، دەبێ تا رۆژی 9-5-2020 کابینەکەی پێک بهێنێت و پێشکەشی پەرلەمانی بکات.
باسنيوز