586 هاووڵاتیی عێراقی لە دەرەوەی وڵات گەڕێندرانەوە

586 هاووڵاتیی عێراقی لە دەرەوەی وڵات گەڕێندرانەوە
وەزیری گواستنەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، 586 هاووڵاتیی عێراقی بە سێ گەشتی ئاسمانیی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە لە دەرەوەی وڵات گەڕێندراونەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 21-4-2020 ، عەبدوڵڵا لعێبی، وەزیری گواستنەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئەو کەسانە لە رێگەی سێ گەشتی تایبەتی هێڵی ئاسمانیی عێراقی گەڕێندراونەتەوە، کە دوو گەشتیان لە عومان و گەشتەکەی دیکە لە قاهیرەوە بووە، ئەمەش دوای ئەوەی رەزامەندی وەرگیراوە و گەڕانەوەشیان لەسەر بنەمای بڕیار و راسپاردەی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتیی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە.

وەزیری گواستنەوەی عێراق گوتیشی، گەڕانەوەی هاووڵاتییانی دەرەوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و تەندروستی و ناوخۆیە، سەرجەم گەڕاوەکانیش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی پشکنینیان بۆ دەکرێت.

بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لەبارەی ژمارەی تووشبووان و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا، هەزار و 602 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، هەزار و 96 کەسیان چاکبوونەتەوە و 83 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە.









رووداو
Top