ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیران پاشەکەوتکردنی مووچە رەت دەکاتەوە
ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەتی دەکاتەوە کار لەسەر پاشەکەوتکردنی مووچەی فەرمانبەران بکات.
رۆژی دووشەممە 20-4-2020، رۆژنامەی (سەباح)ی فەرمیی عێراق لە زاری عەلا جەلوب فەهد، گوتەبێژی نووسینگەی راگەیاندن و پەیوەندیی حکوومی لە ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، کە وەزارەتی دارایی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی دارایی، کار لەسەر پاشەکەوتکردنی بەشێکی مووچەی فەرمانبەران دەکات.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو لێدوانە، هاووڵاتییانی عێراق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناڕەزاییان دەربڕی و هەڕەشەی دەستکردنەوە بە خۆپیشاندانی بەردەوامیان کرد.
ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دوای ناڕەزایی خەڵک، لە بەیاننامەیەکدا رەتی کردووەتەوە بەنیاز بن مووچەی فەرمانبەران دەستکاری بکەن و بەشێکی پاشەکەوت بکەن یان کەمی بکەنەوە.
باسنیوز