حکومەتی عێراق دەستکاریکردنی مووچە رەتدەکاتەوە

حکومەتی عێراق دەستکاریکردنی مووچە رەتدەکاتەوە
ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەێیندراوێکدا ئەو لێدوانانە رەتدەکاتەوە کە باس لە گۆڕانکارییکردن لە سیستەمی ئێستای مووچە یان پاشەکەوتی ناچاری یان کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران دەکەن.

ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داوا لە سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن دەکات، پشت بە هیچ هەواڵ و راگەیێندراو و لێدوانێکی میدیایی نەبەستن یان مامەڵەیان لەگەڵ نەکەن و تەنیا پشت بە ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیران ببەستن کە ماڵپەری فەرمی و پەیجی باوەڕپێکراوی فەیسبووکی هەیە و لەوێ زانیاری بڵاودەکاتەوە.

پێشتر عەلا فەهد، گوتەبێژی نووسینگەی راگەیاندنی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمیی راگەیاند، "لیژنەی دارایی لەگەڵ شارەزایانی وەزارەتی دارایی ژمارەیەك پێشنیاز و چارەسەر لەبارەی گۆڕینی سیستمی مووچەوە تاوتوێ دەكات. لەو پێشنیازانەی بە فەرمی خراونەتەڕوو كەمكردنەوەی مووچەی هەموو فەرمانبەرانە بە رێژەی 25%، پەنابردنە بەر پاشكەوتی ناچاری، كەمكردنەوەی دەرماڵە ناجێگیرەکان لە چوارچێوەی مووچە، ئەوانە هەموو بژارەن کە تاوتوێكراون و حكومەت كار لەسەر هەڵبژاردنی باشترینیان دەكات".

هەروەها عەلا فەهد ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو پرسە بۆ حكومەتی نوێ جێهێڵراوە، چونكە رەشنووسی یاسای بودجە پێشكەش دەكات و پێشنیاز و چارەسەرەكانی گۆڕینی واقیعی بودجە لە خۆ دەگرێت كە پێش قەیرانی كۆرۆنا و بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە نزیكەی 40 ملیار دۆلار كورتهێنانی هەبووە. جگە لەوە، دەبێت قیستی ئەو قەرزانەشی لێبدرێتەوە كە لەسەر عێراقن".

پێشتر هەیسەم جبووری، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رەتی كردەوە پێشنیازێك بۆ پاشكەوتكردنی ناچاریی مووچەی فەرمانبەران هەبێت.

هەروەها د.نووری دلێمی، وەزیری پلاندانانی عێراق لە فەیسبووکی تایبەتی خۆی بڵاوی کردەوە، ساڵانە زیاتر لە 50 ملیار دۆلار لە فرۆشتنی نەوت بۆ مووچە، خانەنشینی و چاودێریی کۆمەڵایەتی خەرجدەکرێت.









رووداو
Top