پەرلەمانی عێراق راپۆرتێک بۆ کڕینی دژەمووشەکی S400ـی رووسی ئامادە دەکات

 پەرلەمانی عێراق راپۆرتێک بۆ کڕینی دژەمووشەکی S400ـی رووسی ئامادە دەکات


لێژنەی ناوخۆ و بەرگریی پەرلەمانی عێراق راپۆرتێک بۆ کڕینی مووشەکی S400ـی رووسی ئامادە دەکات.

بەدر زیادی، ئەندامی لێژنەی ناوخۆ و بەرگریی پەرلەمان بە رۆژنامەی (سەباح)ی فەرمیی عێراقی راگەیاندووە، راپۆرتەکە لەلایەن لێژنەکەیانەوە ئامادە کراوە و دراوەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق.

بەدر زیادی هەروەها رایگەیاندووە، لە راپۆرتەکەدا، داوایان کردووە عێراق سیستەمی دژەمووشەکیی S400ـی رووسی بۆ پاراستنی وڵاتەکەی، بکڕێت.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە یەکلاکردنەوەی پرسی کڕینی ئەو سیستەمە دژەمووشەکییە دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەتی داهاتووی عێراق، کە بڕیارە مستەفا کازمی پێکی بهێنێت.

ئەو لێدوانەی ئەو پەرلەمانتارە لە کاتێک دایە، ئەمریکا هەموو هەوڵێک دەدا بۆ رێگرتن لەوەی وڵاتە هاوپەیمانەکانی ئەو سیستەمە رووسییە بکڕن و دوو سیستەمی دژەمووشەکی پاتریۆتی وڵاتەکەشی لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێگیر کردووە.







باسنیوز
Top