نەتەوە یەکگرتووەکان زەنگی مەترسی لە عێراق لێدەدات
لە بەیاننامەیەکدا، سندوقی نەتەوە دانیشتووان، دەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ژنان، کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونسێف) داوایان لە پەرلەمانی عێراق کردووە یاسای تایبەت دژ بە توندوتیژیی خێزانی، دابڕێژێت.
ئەو چوار رێکخراوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دەدەن لە زیادبوونی توندوتیژیی خێزانی لە عێراق، بەتایبەت دوای راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و رێگا نەدان بە دەرچوونی هاووڵاتییان لە ماڵەکانی خۆیان.
رێکخراوەکان چەند رووداوێکی قێزەوەن و مەترسیداریان وەک نموونەی توندوتیژی دژی مرۆڤایەتی و توندوتیژی خێزانی باس کردووە، کە بریتین لە؛
- دەستدرێژیکردنە سەر ژنێکی کەمئەندام لە پردێ لەلایەن چەکدارانی حەشدی شەعبی.
- دەستدرێژی هاوسەرەکان بۆ سەر یەکتر
- خۆکوژیی ژنان بەهۆی توندوتیژی خێزانی
- خۆسوتاندنی ژنان
گێچەڵی سێکسی بە منداڵان
ئەو رێکخراوانە داواشیان لە حکوومەتی عێراق کردووە هەوڵی جددی بۆ دەستگیرکردن و سزادانی تاوانباران بدات و هێڵی گەرمی فریاگوزاری بۆ بەدەنگەوەهاتنی کەسانی ستەملێکراو، بکاتەوە.
باسنيوز