سوپای عێراق بەیاننامەیەک لەبارەی بۆردومانی سوپای تورکیا دەردەکات

سوپای عێراق بەیاننامەیەک لەبارەی بۆردومانی سوپای تورکیا دەردەکات
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای عێراق بەیاننامەیەک لەبارەی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ سەر سنووری شارۆچکەی مەخموور، دەردەکات.

لە بەیاننامەکەدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-4-2020 دەری کردووە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای عێراق سەرکۆنەی ئەو بۆردومانە دەکات و بە ”پێشێلکردنی سەروەریی عێراق“ هەژماری دەکات.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای عێراق داوا لە سوپای تورکیا دەکات ئەو بۆردومانانە، کە ماوە ماو دەیانکاتە سەر شنگال، مەخموور و قەندیل، رابگرێت.

هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەو بۆردومانانە لەگەڵ بنەماکانی دراوسێیەتیی باش و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان یەک ناگرێتەوە.

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 15-4-2020، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان لە ناو کەمپی ئاوارەکانی باکووری کوردستان لە کەمپی مەخموور، بۆردومان کرد.











باسنيوز


Top