عێراق قەدەغەی هاتوچۆ تا مانگی رەمەزان درێژ دەکاتەوە
لێژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتیی نیشتمانی (لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا) ژمارەیەک بڕیار دەردەکات و قەدەغەی هاتوچۆ تا مانگی رەمەزان، درێژ دەکاتەوە.
لێژنەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، بڕیاریان داوە قەدەغەی هاتوچۆ لە شارەکانیعێراق تا مانگی رەمەزان درێژ بکرێتەوە و بەر لەو مانگەش، لێژنەکە کۆ دەبێتەوە و بڕیاری پێویست دەردەکات.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە بەسەرۆکایەتیی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق لەڕێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە ئەنجام دراوە، ژمارەیەک بڕیار دراوە، کە بریتین لە؛
- درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەی هاتوچۆ تا سەرەتای مانگی رەمەزان (کۆتایی هەفتەی داهاتوو).
- پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی تەندروستی لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا.
- پێشوازیکردن و گەڕاندنەوەی ئەو عێراقییانەی لە وڵاتانی جیهانن و بەهۆی پەتای کۆرۆناوە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە.
- ئاسانکاریکردن بۆ بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە رێپێدانیان بە هاتوچۆ، بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی وەرزی دوورینەوەی گەنم و جۆی جووتیاران بکەن.
باسنيوز